کوردپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەمە 17ی نیسان دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی ئێران بە سەرۆکایەتیی حەسەن ڕۆحانی بەڕێوە چوو و سەرکۆماری ئێران لەو دانیشتنەدا وێڕای ئەوەی سوپاسی ڕێبەری باڵای ئێرانی کرد، ڕایگەیاند: لە دانیشتنێکدا کە خۆم لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران بوومە بەڕێزیان ڕێگەی داین بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لافاو پارەی سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی بەکار بهێنین.
ڕۆحانی زیادیشی کرد: ڕاستە بارینی بەلێشاوی باران لە ئێران کێشەی لە چەند ناوچەیێک دروست کرد بەڵام هەر ئەو بارانەش بوو بە هۆی بووژانەوەی ژێرخانەکانی ئاوی وڵات و لە هەندێک پارێزگای دیکەشدا کاری باش کرابوو بۆ ئەوەی لافاو ڕوو نەدات بۆ نموونە ئەگەر کارەکانی دەوڵەت نەبوایە لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتیش لافاو ڕووی دەدا بەڵام بە هۆی ئەو هەوڵانەوە کە دەوڵەت بۆ بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ داویەتی و ڕووبار و کاناڵ و ئاوەڕۆکانی بە مەودا 242 کیلۆمەتر پاکلەمە کردبوو و بەنداوەکانیش پێشتر ئامادە کرابوون کە 575 ملوێن مەتری سێجا ئاو لە خۆ بگرێت بینیمان کە لەو ناوچانەدا لافاو ڕووی نەدا ئەگەرچی بارانی زۆریشی لێ باری.
ڕۆحانی زیادشی کرد: بووژاندنەوەی دەریاچەی ورمێ بە واتای ڕزگارکردنی ژیانی 15 ملوێن هاووڵاتیی دانیشتووی ناوچەکەیە و ئەگەر دەوڵەت ئەو کارەی نەکردبا هەموو زەوی و زارەکانی ناوچەکە دەبوو بە مەزرای خوێ و لەکەڵک دەکەوت.
سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە کۆی زیانەکانی لافاوەکان لە ئێران کرد و ڕایگەیاند: خوێندنەوەی ورد بۆ کۆی زیانەکان دەکرێت بەڵام ئێستا بەپێی داتاکان بە ڕێژەی 40 هەزار ملیار تمەن (3 ملیار و 77 ملوێن دۆلار) خەساری لێکەوتۆتەوە و ئەو ڕەقەمەش بێگومان پاش وردبوونەوە لە داتاکان زیاتریش دەبێت.
شایانی باسە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لافاو داوای 2 ملیار یۆرۆ یارمەتیی لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانی کردبوو و ئەوەش پێویستی بە ئیزنی ڕێبەری باڵای ئێران هەیە و ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وەڵامی نامەی داواکارییەکەی دەوڵەتدا نووسیبووی: بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بەپێی یاسا بجووڵنەوە زووبەزوو زیانلێکەوتووانی قەرەبوو بکرێنەوە و پاش ئەوەی خوێندنەوەی ورد بۆ دۆخەکە کرا ئەگەر پێویست بوو لە سندووقی گەشەپێدانی نیشتمانییش کەڵک وەربگرن.
پاش وەڵامەکەی ڕێبەری باڵای ئێران دەنگۆی ئەوە لە میدیاکان بڵاو بوویەوە کە گوایا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێگەی نەداوە دەوڵەت لە سندووقی گەشەی نیشتمان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی لافاو کەڵک وەربگرێت.
Your Comment