ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی عیراق: حەشدی شەعبی لایەنێكی گرنگی هێزە ئەمنییەكانی عێراقە

بەشەی عێراق و هەرێمی کوردستان- لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی دێتەدەنگ و ئەندامێكی لیژنەكەش رایدەگەیەنێت: بەدووری دەزانین لەئێستادا ئەو هێزە هەڵوەشێنرێتەوە، چوونكە بووە بەلایەنێكی گرنگی هێزە ئەمنییەكانی عیراق.

کوردپرێس:

ناسر هەركی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە SNNی راگەیاند: ئەگەر بمانەوێت سیستمی دیموكراسی لە وڵاتدا بەرقەرار بێت، پێویستە هەر هێزێك كاری خۆی بكات، لایەنە ئەمنییەكان پارێزگاریی ئەمنییەتی ناوشارەكان بكەن، ئەوانەشی چەكیان پێیە پارێزگاری لە سنوورەكانی وڵات بكەن، ئەوەش خواستی بەشی هەرە زۆری خەڵكی عێراقە.

لەبارەی داواكارییەكەی ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی، ئەو پەرلەمانتارە وتی: "لەئێستادا حەشدی شەعبی لایەنێكی گرنگی هێزە ئەمنییەكانی عیراقە، بۆیە بەدووری دەزانین هەڵبوەشێنرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ئەو مەسەلەیە بهێنرێتە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش، كۆدەنگیی لەسەر دروست نابێت".

ناوبراو راشیگەیاند: تائێستا هیچ شتێك لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی نەهاتۆتە ناو لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەركاتێك هەر بابەتێكیش هاتبێتە ناو لیژنەكە، بۆچوونی خۆمان لەسەری هەبووە.

لە لایەن خۆشیەوە، ئەیاد عەللاوی سەرۆكی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، كاری حەشدی شەعبی لەدوای سەركەوتن بەسەر رێكخراوی داعش كۆتایی هاتووە و پێویستە ئەوانیش هەڵبوەشێنرێتەوە و عێراق بەرەو دەوڵەتێكی مەدەنی هەنگاو بنێت.

News Code 53157

Your Comment

You are replying to: .
captcha