سەرەڕای گوشارەکانی ئەمریکا ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان 20لەسەد بەرز بووەتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەعدوڵڵا مەسعوودیان کونسووڵی ئێران لە شاری سلێمانی لەبارەی هۆکاری جێبەجێ نەکرانی پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێران ڕوونکردنەوەی دا و بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی وتووە: هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە لە بەغداوە ڕێنمایی دەربکرێت بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە هاووڵاتییانی ئێرانی.

کوردپرێس:

ڕێککەوتنی ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی هەردوو وڵات لە سەردانەکەی ئەم دواییەی حەسەن ڕۆحانی بۆ عێراق واژۆ کرا و کونسووڵخانەکانی ئێران بەپێی ڕێککەوتنەکە لە ڕۆژی یەکی نیسانەوە ڤیزەی بێ بەرانبەریان بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکردووە و هەموو جۆرە ڤیزەیێکی گەشتیاری و زیارەتی و ڤیزەی خوێندن و ڤیزەی دەرمانی و ... بە بێ بەرانبەر بە هاووڵاتییانی عێراقی دراوە. بەڵام تا ئەم کاتەش هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە و 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرێت.

سەعدوڵڵا مەسعوودیان کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وتوویەتی ئەو ڕێککەوتنە بێگومان جێبەجێ دەکرێت و لەو بارەیەشەوە گفتوگۆی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئاکرەیی بەرپرسی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران کردووە و ئاکرەیی ڕایگەیاندووە کە هەرکاتێک لە لایەن دەوڵەتی فیدراڵی عێراقەوە ڕێنمایییان بۆ دەربکرێت دەستبەجێ ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکەن و تا ئەم کاتەش ڕێنماییان بۆ دەرنەکراوە هەر بۆیەش بۆ پێدانی ڤیزە پارەیان لە هاووڵاتییانی ئێرانی وەرگرتووە.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشتریش لە پرێس کونفڕانسێکدا وتبووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکان لە دەوڵەتی ناوەندەوە وەردەگرێت و ئەگەر ڕێنمایی بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر بە گەشتیارانی ئێرانی بگاتە دەستیان پێبەندی دەبن.

ئاکرەیی پێشتریش لە گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسدا وتبووی ڕێککەوتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ پێدانی ڤیزەی بێ بەرانبەر ڕێککەوتنێکی فەرمییە و بێ گومان پاش ئەوەی کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر کران ڕێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێت.

کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لەبارەی پێدانی ڤیزەی 3 مانگە و 6 مانگ لەلایەن کونسووڵخانەکانی ئێرانەوە بە کوردپرێسی وت: "بە شێوەیێکی کاتی پێدانی ڤیزەی 3 مانگ و 6 مانگ لە لایەن ئێرانەوە ڕاگیراوە و چاوەڕوانین ڕای بەغدا لەبارەی پێدانی ئەو دوو ڤیزەیەشەوە وەربگرین.

مەسعوودیان زیادیشی کرد: "کۆماری ئیسلامیی ێئران ئامادەیە ئەگەر بەغدا ڕەزا بێت ڤیزەی 3 و 6 مانگیش بە هاووڵاتییانی عێراقی بدات و بۆ ئەو مەبەستە تەنها چاوەڕوانی بڕیاری بەغدا دەکەین."

مانگی ڕابردوو سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی عێراقیان کرد و محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیداری کرد. مەسعوودیان لەبارەی ئەنجامی سەردانەکانی ڕۆحانی و زەریف بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامی ئیجابیی زۆری هەبوو. سەردانەکە سەلماندی هەردوولا سوورن لەسەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانیان و ئاسانکاریی زۆریش بۆ فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و هاوکاریی بازرگانیی نێوان هەردوو لا و لە کۆتاییی 2019دا هەرێمی کوردستان داتاکانی بڵاو دەکاتەوە و هەڵکشانی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێن.

ناوبراو زیادیشی کرد نوێنەرانی هەردوو لا پێداگرن لە سەر فراوان کردنی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە ڕێژەی 20 لەسەد و هیواداریشن بتوانن ڕەقەمی زیاتر لەوەش تۆمار بکەن.

کونسووڵی ئێران لە سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کرد ئێستا وەکوو جاران کێشە و ئاستەنگ بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان نەماوە و بەرنامەی تۆکمە بۆ فراوان کردنی هاوکارییەکان داڕێژراوە.

مەسعوودیان گوتیشی کۆمەڵێک لە ئاستەنگەکان دەگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوی ناوخۆ کە دەوڵەتی عێراق دایناوە و گومرگی هەرێمی کوردستانیش ڕێنمایی لە بەغداوە وەردەگرێت بۆیە هیواخوازین بە بەدواداچوونی ئێمە کێشەکان لای دەوڵەتی ناوەندیشەوە چارەسەر بکرێت.

ناوبراو زیادی کرد: لایەنی ئێرانی چاوەڕوانی ئەوە دەکات دەوڵەتی بەغدا ڕێگە بە هاوردەکردنی کۆمەڵێک کەلوپەلی زەرووری بدات کە هاوردنیان لە ئێرانەوە بۆ عێراق قەدەغەیە. هەندێک لەو شتانەش بریتین لە: دەرمانەکانی کەرتی جووتیاری و کۆمەڵێک بەرهەمی نەوتی و پێترۆکیمیایی.

پاش ئەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک کشایەوە گەماری ئابووریی خستە سەر ئێران و ئێرانیش وەفدی ناردە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێم فراوان بکات کونسووڵی ئێران لە سلێمانی لە بارەی گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان بۆ پێبەندبوون بە سزاکانی ئەمریکا بە کوردپرێسی وت: وەفدی ئابووری و بازرگانیی ئەمریکی چەندین جار سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی قەناعەت بە بازرگانەکانی ئەو وڵاتە بهێنن کە پێبەندی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بن بەڵام پێشوازی لە داواکارییەکەیان نەکراوە. هۆکاری ڕەتکرانەوەی داواکارییەکەشیان ڕوونە. هۆکارەکە ئەوەیە ئەو کاڵایەی لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق هەناردە دەکرێت زیاتر بە قازانجی لایەنی عێراقییە و ئەوەندەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و عێراقی تێدایە ئەوەندە بە قازانجی ئێران نییە. بۆ نموونە ئەو بەرهەمانەی لە ئێرانەوە بەرەو بازاڕەکانی عێراق هەناردە دەکرێت کاڵای زەروورین و ئەگەر لە ئێرانی نەکڕن ناچارن بە نرخی زیاتر لە جێگایێکی دیکەوە دابینی بکەن. ئەمریکییەکان تا ئەم کاتەش هەوڵیان داوە زیان بە بازرگانە عێراقییەکان بگەیێنن بەڵام لەو کارەی خۆیاندا سەرنەکەوتوون.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

News Code 53131

Your Comment

You are replying to: .
captcha