به‌شار ئه‌سه‌د: ده‌بێت سووریا و عێراق سه‌روه‌ریی خاكه‌كانیان له‌ دابه‌شبوون بپارێزن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- سه‌رۆكی سووریا له‌گه‌ڵ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق کۆ بوویه‌وه‌ و ڕای‌گه‌یاند: به‌هۆی ئه‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن، پێویسته‌ هه‌ریه‌ک له‌ عێراق و سووریا ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی پلانه‌كانی دابه‌ش كردنی خاكه‌كانیان ببنه‌وه‌ و سه‌روه‌ریی خۆیان بپارێزن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ 14ی نیسانی 2019 به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا له ‌میانی پێشوازی كردنی له‌ فالح فه‌یاز ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق له‌ دیمه‌شق گوتی: "به‌هۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌ و جیهان ڕوو ده‌ده‌ن پێویسته سووریا و عێراق ڕووبه‌ڕووی پلانگێڕییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی خاكه‌كانیان ببنه‌وه‌ و سه‌روه‌ریی خۆیان بپارێزن".

له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌ که‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌تام دندح باڵیۆزی سووریا له‌ عێراق، به‌شار ئه‌سه‌د و فالح فه‌یاز ئه‌نجام درا ته‌ئکید له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی هاوکارییه‌ هاوبه‌شه‌کانی نێوان دوو وڵات کرایه‌وه‌ بۆ به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم، گۆڕانکارییه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌کانی ئێستای ناوچه‌که‌.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "هه‌رچه‌ند ئاڵنگاری و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان زیاتر بن، به‌ڵام داهاتووی ناوچه‌كه‌ ته‌نها گه‌ل و خه‌ڵكی وڵاته‌كان دیاریی ده‌كه‌ن و ده‌بێـت له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی دوژمنانی ده‌ره‌وه‌ ده‌یانووروژێنن سه‌ره‌وه‌ری و هاوسه‌نگیی خاكه‌كانمان بپارێزین".

لای خۆیشیه‌وه‌ فالح فه‌یاز ڕاوێژکاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ که‌ به‌هێزبوونی سووریا و سه‌رکه‌وتنی به‌ سه‌ر تیرۆریزم به‌ مانای وه‌ده‌ستهێنانی سه‌رکه‌وتن بۆ عێراقه‌ هه‌روا که‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌ستکه‌وتێکی سه‌ربازی له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌قامگیریی سووریا ده‌شکێته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ سه‌ره‌تای مانگی به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو سه‌رۆک کۆماری سووریا و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق له‌ دیمه‌شق کۆ بوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندیی دوو لایه‌نه‌ و گۆڕانکارییه‌ هه‌رێمی و ده‌ولییه‌کانیان خسته‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌ و ته‌ئکیدیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی هاوکارییه‌کان له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کان له‌پێناو ده‌سته‌به‌ربوونی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی دوو وڵات کردبوو.

سه‌رچاوه‌: هه‌واڵده‌ریی فه‌رمیی سووریا (SANA)

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53120

Your Comment

You are replying to: .
captcha