به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاره‌زوو مه‌حموود په‌رله‌مانتاری ئه‌نجومه‌نی نوێنهرهنی عێراق له فراکسیۆنی یه‌کێتی نیشتمانی ده‌ڵێت: سوپای تورکیا له ڕێگای هێرشی ئاسمانی و تۆپخانهیییهوه به‌رده‌وام بۆردوومانی سنوره‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌کات که له ئه‌نجامی ئه‌و بۆردوومانانهشدا هاووڵاتییان ده‌بنه قوربانی و زیان به‌ر ماڵ و ڕه‌ز و باخیان ده‌که‌وێت و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده فێرکارییه‌کانیش ده‌که‌نه ئامانج.
ئه‌و په‌له‌مانتاره ده‌شڵێت: یاسایێک له په‌رله‌مانی عێراق هه‌یه که ده‌بێ وڵاتانی دراوسێ پابه‌ند بن به پاراستنی سه‌روه‌ریی خاکی عێراقه‌وه به‌ڵام تورکیا به به‌رده‌وامی سنووری عێراق ده‌به‌زێنێت و ناوچه سنوورییه‌کان به بیانووی بوونی هێزه‌کانی په‌که‌که بۆردوومان ده‌کات هه‌ر بۆیه فراکسیۆنه کوردستانییه‌کانی په‌رله‌مان یادداشتێکیان له‌باره‌ی وه‌ستاندنی هێرش و پێشێلکارییه‌کانی تورکیا ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مان کردووه.
ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه: من بۆ خۆم یادداشتێکم له‌وباره‌وه داوه‌ته سه‌رۆکایه‌تیی کۆمار بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگریی له به‌زاندنی سه‌روه‌ریی خاکی عێراق بکرێت.
ئاره‌زوو مه‌حموود له کۆتاییی قسه‌کانیدا ئاماژه‌ی به‌وه کرد که تورکیا "په‌که‌که"ی کردووه‌ته بیانوو بۆ بۆردوومانه‌کانی چوونکه هه‌موو لایێکمان ده‌زانین ناو قه‌ڵادزێ هیچ بنکه و باره‌گایێکی په‌که‌که‌ی تێدا نییه که‌چی بۆردوومانی ده‌کات.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment