پێشانگایێکی گه‌وره‌ی که‌لوپه‌لی چین له‌ ھه‌رێمی کوردستان ده‌کرێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ژووره‌کانی بازرگانیی ھه‌رێمی کوردستان گوتی: بڕیاره‌ شاندێکی وڵاتی چین سه‌ردانی ھه‌رێمی کوردستان بکات به‌ مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی پێشانگایێکی گه‌وره‌ی که‌لوپه‌لی چینی له‌ هه‌رێمی کوردستان.

کوردپرێس:

ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ڕاگه‌یاندنی ژووره‌کانی بازرگانیی ھه‌رێمی کوردستان به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگه‌یاند: "ھه‌رێمی کوردستان له‌ ڕووی بازرگانییه‌وه‌ کرانه‌وه‌یێکی باشی به‌خۆیه‌وه‌ دیوه‌ و به‌رده‌وام شاندی وڵاتانی بیانی سه‌ردانی ھه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی کاری بازرگانی بکه‌ن و ئێمه‌ش وه‌کوو ژووره‌کانی بازرگانی ھه‌موو ئاسانکارییێکیان بۆ ده‌که‌ین و ھاوکارێکی باشیشیان ده‌بین."

ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د گوتیشی: "بڕیاره‌ له‌ داھاتوویێکی نزیکدا شاندێکی وڵاتی چین سه‌ردانی ھه‌رێمی کوردستان بکه‌ن به‌ مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی پیشانگایێکی گه‌وره‌ی که‌لوپه‌لی چینی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ھه‌رێمی کوردستان نیشانی بده‌ن که‌ به‌ کواڵێتییێکی به‌رز ده‌بێت و نرخه‌کانیشی زۆر گونجاو ده‌بێت چوونکه‌ له‌ ھاورده‌کردنی پێویستی به‌ باج نابێت بۆیه‌ نرخه‌که‌ی زۆر گونجاو ده‌بێت."

ئه‌سکه‌نده‌ر محه‌مه‌د باسی له‌وه‌ش کرد: "بڕیاره‌ ئه‌گه‌ر له‌و کاره‌یان سه‌رکه‌وتوو بن بازاڕێکی گه‌وره‌ی چینی له‌ ھه‌رێمی کوردستان بکرێته‌وه‌ و تێیدا ته‌نیا که‌لوپه‌لی چینی به‌ نرخێکی زۆر هه‌رزان و گونجاو بفرۆشرێت و کواڵێتیشی زۆر به‌رز ده‌بێت چوونکه‌ ئه‌وان نایانه‌وێت له‌ نرخی که‌لوپه‌له‌کانی خۆیان که‌م بکه‌نه‌وه‌ و ئه‌وکات ته‌نیا که‌لوپه‌لی باشی چینی ھاورده‌ ده‌کرێت و چیتر که‌لوپه‌لی خراپی چینی ھاورده‌ ناکرێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53031

Your Comment

You are replying to: .
captcha