ئه‌کره‌م ئیمام ئۆغڵۆ: پلانی کووده‌تا بۆ شه‌وی هه‌ڵبژاردن داڕێژرابوو

به‌شی تورکیا- کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ به‌ شه‌وی هه‌ڵبژاردنی 31ی مارچ ده‌کات و ده‌ڵێت: پلانی کووده‌تا بۆ شه‌وی هه‌ڵبژاردن داڕێژرابوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌کره‌م ئیمام ئۆغڵۆ کاندیدی پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی 2019ی زایینی له‌ بازنه‌ی گه‌وره‌شاری ئه‌سته‌نبۆڵ له‌ لێدوانێکدا ئاماژه‌ی به‌ شه‌وی هه‌ڵبژاردنی 31ی مارچ کرد و ڕای‌گه‌یاند: پاش ئه‌وه‌ی که له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردندا‌ جیاوازیی ده‌نگه‌کان به‌ 24 هه‌زار و 57 ده‌نگ ڕاگه‌یێندرا، ناڕه‌زایه‌تی به‌ بڕگه‌کانی ده‌نگدان و ئه‌نجامدانی ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ربڕا و سه‌رله‌نوێ ده‌نگی ژماره‌یێک ناوچه‌ی ئه‌سته‌نبۆڵ ژمێردرایه‌وه‌ و جیاوازیی ده‌نگه‌کان بۆ 20 هه‌زار و 388 ده‌نگ دابه‌زی. دواتر له‌ پێداچوونه‌وه‌ و ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگی هه‌ندێک ناوچه‌ی دیکه‌دا جیاوازیی ده‌نگه‌کان گه‌یشته‌ 14 هه‌زار و 87 ده‌نگ. شه‌وی هه‌ڵبژاردن کووده‌تایێک دارێژرابوو. هه‌ڵواسینی لافیته‌ی پیرۆزبایی له‌ بینالی یێڵدرم بۆ سه‌رکه‌وتن له‌ هه‌ڵبژاردنیش ئاماده‌کاری بۆ ئه‌نجامدانی کووده‌تا بوو. ئێمه‌ ئه‌م کاره‌مان بێ‌ئاکام هێشته‌وه‌. لێره‌وه‌ به‌ فه‌رمی سکاڵا به‌رز ده‌که‌مه‌وه‌.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا جه‌ختی کرده‌وه‌: له‌ یه‌که‌مین خوله‌کی سه‌رله‌به‌یانیدا لافیته‌یان له‌ ئاستی شاره‌کان هه‌ڵواسی. پڕۆسه‌یێک له‌پێناو له‌ناوبردنی دیموکراسی. ئێمه‌ به‌ شێوه‌ی فه‌رمی ڕێوشوێنی پێویست ده‌گرینه‌به‌ر. له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی په‌رله‌مان قسه‌ ده‌که‌م. سکاڵا له‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ به‌رز ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ به‌و کاره‌وه‌ تێوه‌گلاون واتا به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵده‌ریی ئه‌نادۆڵو، سه‌رۆکی داموده‌زگای پارتی داد و گه‌شه‌ (AKP) له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ، جێگری AKP و به‌رپرسی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و حیزبه‌ و...

ئیمام ئۆغڵۆ گوتیشی: من پێم وایه‌ خودی جه‌نابی سه‌رۆک کۆماریش به‌ پشت‌ئه‌ستووری به‌ ئه‌زموونه‌کانیان ئاگاداری ئه‌و هه‌ڵه‌ ببووه‌وه‌ که‌ له‌ پڕۆسه‌که‌دا دروست بووبوو. ئه‌گه‌ر من له‌ جێگه‌ی ئه‌واندا ببوایه‌م له‌ ناو حیزبدا ئه‌و شته‌ی که‌ پێویست بوو له‌باره‌ی ئه‌و که‌سانه‌وه‌ ئه‌نجامم ده‌دا. ئێمه‌ ئه‌و شه‌وه‌ ڕێگریمان له‌ ئه‌نجامدانی کووده‌تا کرد.

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53030

Your Comment

You are replying to: .
captcha