ده‌زگای لووتکه هۆشداری له‌سه‌ر دۆخی خراپی 97 په‌نابه‌ری کورد له‌ که‌مپێکی هه‌نگاریا ده‌دات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ده‌زگای لووتکه‌ بۆ کاروباری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان ڕایگه‌یاند: نزیکه‌ی ساڵێکه‌ 97 په‌نابه‌ری کورد له‌ که‌مپێکی داخراوی وڵاتی هه‌نگاریا ده‌ستبه‌سه‌رن و دۆخێکی خراپیان هه‌یه‌ و له‌ ڕێگه‌ی لووتکه‌وه‌ داوا ده‌که‌ن بگوازرێنه‌وه‌ بۆ که‌مپێکی کراوه‌.

کوردپرێس:

ئاری جه‌لال سه‌رۆکی ده‌زگای لووتکه‌ بۆ کاروباری ئاواره ‌و په‌نابه‌رانی هه‌رێمی کوردستان گوتی: له‌ یه‌ک ساڵی ڕابردوو تاکوو ئێستا 97 په‌نابه‌ری کورد که‌ ژن و منداڵیان تێدایه‌ و‌ خه‌ڵکی هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستانیان تێدایه له‌ که‌مپی تۆمپا (Toma transit zona 6422 hungary) گیریان خواردووه‌ و ناتوانن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ی که‌مپه‌که‌.

سه‌رۆکی ده‌زگای لووتکه‌ باسی له‌وه‌ کرد: به‌شێک له‌ په‌نابه‌ره‌ کورده‌کانی که‌مپی هه‌نگاریا نه‌خۆشی درێژخایه‌ن و ئۆتیزم و ده‌روونیان هه‌یه‌ و له‌ بارودۆخێکی سه‌ختدا ژیان به ‌سه‌ر ده‌به‌ن و داوا ده‌که‌ن بگوازرێنه‌وه‌ بۆ که‌مپێکی کراوه‌ تا بتوانن به‌ ئازادی جموجۆڵ بکه‌ن.

ئاری جه‌لال ڕاشی‌گه‌یاند: "له‌ هه‌وڵداین بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتی ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ په‌نابه‌ره‌ی نێو که‌مپه‌ داخراوه‌که‌ی هه‌نگاریا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ئاینده‌یێکی زۆر نزیکدا له‌گه‌ڵ کونسووڵی گشتیی هه‌نگاریا له‌ عێراق کۆ ده‌بینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ بارودۆخی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بدۆزینه‌وه‌ و هیچ نه‌بێت بکرێنه‌ که‌مپێکی کراوه‌."

ناوبراو ڕوونی کردۆته‌وه‌: "په‌نابه‌ره‌ کورده‌کان به‌ شێوازی یاسایی چوونه‌ته‌ هه‌نگاریا به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستگیر کراون و سه‌رجه‌میشیان په‌نجه‌مۆریان پێکراوه‌ و داوانامه‌ی مافی په‌نابه‌رێتیان پێشکه‌ش به‌و وڵاته‌ کردووه‌ و له‌ ئێستادا دۆسیه‌کانیان له‌ دادگایه‌."

شایانی باسه‌؛ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی ڕابردوودا 13 هه‌زار و 522 په‌نابه‌ری عێراقی له‌ وڵاتی هه‌نگاریا داوای مافی په‌نابه‌رێتیان پێشکه‌ش به‌و وڵاته‌ کردووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 53003

Your Comment

You are replying to: .
captcha