کوردپرێس:
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاکانی جیهان و ئێرانیش بڵاو بوونەتەوە بڕیارە ڕۆژی دووشەمە 8ی نیسان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا ناوی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە و ئەوەش یەکەم جارە کە دەوڵەتی ئەمریکا ناوی هێزێکی فەرمیی وڵاتێک دەخاتە ئەو لیستەوە و کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە.
محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران ئەو بڕیارە بە گەمژەیی دەزانێت و لەو بارەیەوە وتوویەتی: "ئەگەر بێتوو ئەمریکا ئەو گەمژەییە بکات و بڕیاری وا بدات ئەوا هەرگیز هێزە ئەمریکییەکانی لە خۆرئاوای ئاسیا ڕۆژی خۆش و ئاسایش بە خۆوە نابینن و بەگوێرەی سیاسەتی تایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین."
هەر لەو بارەیەوە محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیویەتی: "با ئیدارەی ترەمپ باش لەوە تێبگات کە نابێت خۆی بخاتە زەلکاوێکی دیکەوە."
زەریف لە تویتەکەیدا وتوویەتی هەموو ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندیی نەتانیاهو سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنی دەدرێت و هەموو ئەو کەسانەی ئەولەویاتیان نەتانیاهووە دەمێکە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە و هەموو ئەو کەسانەش دەزانن ئەو بڕیارە چ لێکەوتەیێکی خراپی دەبێت.
Your Comment