بەپێی هەواڵی کوردپرێس بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئێران بەشداریی کۆبوونەوەکانی شاندی ئێرانیی کردووە و لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێرانی ڕاگەیاند: لەگەڵ لایەنی عێراقی گەشتووینەتە خاڵێکی ڕێککەوتن کە دەتوانین پەیمانی هاوکاری بۆ دەوڵەمەندکردنی دوو کێڵگەی نەوتی "نەفت شار" و "خوڕەمشار" واژۆ بکەین کە ئەو دوو کێڵگەیە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و عێراق.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بە قەرزی ئێران لای لایەنی عێراقی کرد و ڕایگەیاند: ئێران بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی گازی فرۆشراوی لای عێراق ماوە.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی ئێران لە عێراق دەکەوێتە ئەستۆی بانکی ناوەندیی ئێران و ئەرکی پارێزەری بانکی ناوەندییە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بە دیدارەکەی خۆی لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کرد و گوتیشی: سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق و شاندی یاوەری کۆمپانیای ئەندازیاری و داڕشتنی کەرتی وزەی ئێرانیان بەسەر کردۆتەوە و تواناکانی ئەو کۆمپانیا ئێرانییەیان بە چاو بینیوە و بڕیارە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی بۆ هاوکاری کردنی زیاتر بەردەوام بێت.
Your Comment