بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێریی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: لە دوای ئەو بارودۆخەی كە لە دوای ریفراندۆم و ڕووداوەكانی ئەكتۆبەر 2017 هاتۆتە ئاراوە ، هەواڵێک بڵاوبۆتەوە كە گوایە عەرەبی تەعریب دەیانەوێت بگەڕێنەوە.
ناوبراو لە درێژەی وتەکانیدا وتیشی دوای رووخانی رژێمی بەعس ئێمە چاكەیێكی گەورەمان لەگەڵ ئەو عەرەبانە كرد و بەڕێزەوە رەوانەمان كردنەوە ئێستاش دڵنیاییان دەدەینێ كە تا هێزە كوردستانییەكان و حكوومەتی هەرێم و ماددەی 140 مابێت رێگەنادەین جارێكی تر تەعریب دووبارە بێتەوە.
مەلا بەختیار وتیشی یەكەمین سەنگەری بەرەنگاری لە كوردەواری و كوردستاندا خانەقین بووە، لەگەڵ ئەوەشدا خراپترین و توندترین و فاشیسترین جۆری رژێم لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، كە نەخشەی لەرەگ وریشە ھەڵكێشانی نەتەوە و نەژادەكانی كوردی داڕشتبوو، بەعس بوو، بەڵام ئەمشارە لەبەرامبەر بەعسیشدا خۆی گرت، بەھەمان ئەو رۆحیەتە خۆرسكییەی سەدان ساڵی رابردوو و بەرامبەر سیستماتیكترین رژێمی فاشیست خۆی گرتووە، كە بە ئادیۆلۆجییەت، ئایین، بە نەتەوە، بە سەرباز و بە ئەمن نەخشەی دەكێشا، ئەمشارە تەعریب بكات.. بۆیە كاتی ھاتووە، بناغەیێكی زانستی، بۆ ھۆشیارییێكی كۆمەڵایەتی، ھۆشیارییێكی نەتەوەیی، ئیداریی، ئابووری دابنێین و لەو بناغە زانستییەوە، بیرلەوە بكەینەوە ژێرخانی خانەقین بەھەموو توانا ئابووریی و كۆمەڵایەتییەی ھەیەتی، نەخشە بۆ ئەوە بكێشین ھەر بەڕاستی راچەنینێكی زانستی وەكو پاداشتێک بۆ ئەو ھەموو قارەمانێتی و خۆڕاگرییە دژی تەعریب و تەبعیس و شەھامەتییە بدەینەوە، ئەگەرنا ناتوانیین دەرەقەتی ھەموو گۆڕانكارییەكان بێین و سەردەمەكەش قبووڵی ناكات، جگە لەوەی كە دەبێ ستراتیجێكی تازەمان بۆ ھەموو سێكتەرەكان ھەبێ و ھەر ئەو ستراتیجەش بكەینە بنەمای حوكمڕانی و گۆڕانكارییەكان.
لێپرسراوی دەستەی كارگێریی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختیشی كردەوە ئەگەر ئەو بناغە زانستییە نەكەینە بەربەست لەبەردەم ھەڵمەتە تازەكانی ئێستای تەعریب و ئەو سیاسەتەی دەستی بەدەستیمان پێدەكەن، بۆ جێبەجێ كردنی مادەی ١٤٠ و ئەگەر ستراتیجێكی تازەمان نەبێ بۆ رووبەروبونەوەی ئەو سیاسەتە تازەیەی كە پاشماوەكانی شۆڤێنێتی عەرەبی و ئەقڵی تائیفەگەری عەرەبی و ھەتارادەیەكیش توركمانی كە دەیانەوێت مادەی ١٤٠ جێبەجێ نەبێ و ناوچە دێرینەكانی كوردستان نەگەڕێنەوە سەر كوردستان.. بۆیە ئەم كۆنفرانسە زانستیانەش رۆڵێكی گەورە دەبینێت، كە بێگومان دەبێ بەردەوامبین لەسەری، چوونكە كۆنفرانس بۆ كۆنفرانس نییە بەتەنھا، بەڵكوو دەبێ بەردەوامبین لەسەری بۆ ئەوەی خەون و ئامانجە جوانەكانمان بەدیبھێنین.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment