عادل عه‌بدولمه‌هدی: ڕێگه‌ ناده‌ین خاکی عێراق دژ به‌ ده‌وڵه‌تی ئێران به‌کار بهێندرێت

به‌شی ئێران/ کوردی- سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق پاش کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ برد و له‌ کۆنفڕانسه‌که‌شدا هه‌ردوولا تیشکیان خسته‌ سه‌ر هاوکاریی دووقۆڵی له‌ بواری بازرگانی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دیارده‌ی قاچاخچییه‌تی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2019 به‌رانبه‌ر به‌ 17ی خاکه‌لێوه‌ی 1398 عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق پاش کۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌ برد و له‌و کۆنفڕانسه‌دا ڕای‌گه‌یاند: مێژووی قووڵی هاوبه‌شی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عێراقی به‌رز نرخاند و له‌باره‌ی ڕێککه‌وتنی نێوان ئێران و عێراق له‌ سه‌ردانه‌که‌ی ڕۆحانی بۆ به‌غدا ڕای‌گه‌یاند: له‌ زۆر ڕه‌هه‌ندی ئابووری و ئه‌منی و بازرگانی و وزه‌دا له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماری ئێران هاوڕاین و له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ین دیداره‌کان ده‌ستکه‌وتی باشیان بۆ ئێران و عێراق و هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌که‌ش هه‌بێت.

عه‌بدولمه‌هدی ئاماژه‌ی به‌ لافاوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی ئێران کرد و هاوخه‌میی خۆی بۆ قوربانییانی ئه‌و لافاوانه‌ ده‌ربڕی و گوتیشی: عێراق له‌م کاره‌ساته‌دا پشتیوانیی ئێران ده‌بێت.

له‌باره‌ی مه‌سه‌له‌ی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی تیرۆریشه‌وه‌ عه‌بدولمه‌هدی ڕای‌گه‌یاند: ئێران له‌ شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆردا هاوکاریی عێراقی کرد و ئێمه‌ش ده‌ستکه‌وتی باشمان له‌و شه‌ڕه‌دا به‌ده‌ستهێنا و ئه‌مڕۆکه‌ ئاشتی و ئاسایشی زیاتر له‌ عێراق ده‌بینرێت.

سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق ڕاشی‌گه‌یاند: ئه‌گه‌ر هه‌ر چه‌شنه‌ هه‌ڕه‌شه‌یێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو له‌ باکوور و باشوور و ڕۆژئاوای عێراق بۆ سه‌ر خاکی ئێران ببێت ئێمه‌ ئیراده‌ی خۆمان ده‌نوێنین که‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌کان ببینه‌وه‌.

عه‌بدولمه‌هدی جه‌ختیشی کرده‌وه‌: ده‌ستووری عێراقی به‌ ئاشکرا قه‌ده‌غه‌ی کردوووه‌ که‌ خاکی ئه‌و وڵاته‌ دژ به‌ وڵاتانی دیکه‌ به‌کار بهێندرێت و به‌پێی په‌یڕه‌وی نێوخۆی عێراق ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ مانای پێشێل‌کردنی سه‌روه‌ری و یه‌کپارچه‌ییی عێراقه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ناکۆکییێکیش له‌ نێواندا هه‌بێت پێویسته‌ به‌ ئاشتییانه‌ و به‌ دیپلۆماسییه‌ت چاره‌سه‌ر بکرێت.

له‌ کۆنفڕانسه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌که‌دا حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران ڕای‌گه‌یاند: تا ئه‌مڕۆکه‌ ڕێککه‌وتنی نێوان ئێران و عێراق له‌ بواری پێدانی ڤیزه‌ی بێ‌به‌رانبه‌ر بۆ گه‌شتیاران و زیاره‌تکارانی هه‌ر دوو وڵات بوووه‌.

ڕۆحانی زیادیشی کرد: هیواخوازم پاش مانگی ڕه‌مه‌زان پڕۆسه‌ی پاککردنه‌وه‌ی ڕووباری ئه‌روه‌ند له‌ دیوی عێراقه‌وه‌ ده‌ست پێبکات.

حه‌سه‌ن ڕۆحانی له‌باره‌ی پڕۆژه‌ی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و عێراقیش ڕای‌گه‌یاند: له‌ داهاتوویێکی نزیکدا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌کرێت به‌ڵام ئێستا میحوه‌ری شه‌له‌مچه‌ بۆ به‌سره‌ خاڵی گرینگی ڕێککه‌وتنی نێوان ئێمه‌ و لایه‌نی عێراقییه‌.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ی نیسانی 2019 به‌ سه‌رۆکایه‌تیی شاندێکی عێراقی له‌سه‌ر بانگهێشتی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی ئێران گه‌یشته‌ تاران و بڕیاره‌ بۆ ماوه‌ی دوو ڕۆژ له‌و وڵاته‌دا بمێنێته‌وه‌ و چاوی به‌ به‌رپرسانی باڵای حکوومی بکه‌وێت و له‌ یه‌که‌م دیداریشدا له‌گه‌ڵ حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئێران کۆ بوویه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

ئه‌م هه‌واڵه‌ش بخوێنه‌وه‌؛

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=45019

News Code 52905

Your Comment

You are replying to: .
captcha