گۆڤاری نیووزڤیک: کورد ئاماده‌ی شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌ بێت

به‌شی جیهان- گۆڤاری نیووزڤیک نووسیی: له‌مدواییانه‌دا کوردی سووریا سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر گرووپی تیرۆریستیی داعش له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا تۆمار کرد به‌ڵام ده‌بێ کورده‌کان خۆیان بۆ شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌تر ئاماده‌ بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، کوردی سووریا پاش تێپه‌ڕبوونی 8 ساڵ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش به‌ یارمه‌تیی هاوپه‌یمانان توانییان نزیکه‌ی یه‌ک له‌سه‌ر چواری خاکی سووریا کۆنتڕۆڵ بکه‌نه‌وه‌. به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ تورکیا هه‌ڕه‌شه‌ی کردوووه‌ که‌ له‌شکه‌رکێشی بۆ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا ده‌کات چوونکه‌ سه‌رکرده‌کانی تورکیا ڕایان‌گه‌یاندوووه‌ ئه‌نقه‌ره‌ هه‌بوونی ئیداره‌ی خۆسه‌ری کوردی له‌ سنووره‌کانی باشووری تورکیا ته‌حه‌مول ناکات.

له‌لایێکی دیکه‌وه‌، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریا به‌ڵێنی داوه‌ بست به‌ بستی خاکی سووریا له‌وان ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد کۆنتڕۆڵ بکاته‌وه‌ چ به‌ شێوه‌ی ئاشتییانه‌ و چ به‌ به‌کارهێنانی زه‌بری زۆره‌وه‌.

حه‌وته‌نامه‌ی نیووزڤیک له‌ دوایین ژماره‌ی خۆیدا نووسیی: دروسته‌ که‌ کوردی سووریا پاش چه‌ندین ساڵ هه‌وڵ و تێکۆشان شکستیان به‌ داعش هێنا به‌ڵام شه‌ڕی ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌ر کورد ده‌ستی پێنه‌کردوووه‌ و ده‌بێ ئه‌وان خۆیان ئاماده‌ی شه‌ڕێکی ڕاسته‌قینه‌ بکه‌ن.

ئه‌و گۆڤاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ له‌ کاتی کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا، تورکیا ئاماده‌ی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ کورد ده‌بێت و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیی سووریاش هه‌وڵه‌کانی بۆ کۆنتڕۆڵ‌کردنی ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد چڕ ده‌کاته‌وه‌ و هۆشداری داوه‌ که‌ کورد به‌ره‌وڕووی شه‌ڕێکی زۆر سه‌خت ده‌بێته‌وه‌.

نیووزڤیک پێی وایه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌کان له‌ هه‌موو لایێکه‌وه‌ حاشا له‌ هه‌بوونی کوردی سووریا ده‌کات.

ماکس مارکووس توێژه‌ری پڕۆژه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ سه‌رووناوچه‌یییه‌کان به‌ نیووزڤیکی ڕاگه‌یاندوووه‌: گومانێکی تێیدا نییه‌ که‌ له‌ کاتی کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا، تورکیا هه‌ڕه‌شه‌کانی بۆ سه‌ر کوردی سووریا ده‌ست پێده‌کات.

ئه‌و گۆڤاره‌ ئاماژه‌ به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی سێهه‌میش ده‌کات که‌ ده‌بێ کورد بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ ئاماده‌ بێت. گۆڤاری نیووزڤیک له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌دایه‌ که‌ گرووپی ته‌حریرولشامی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ که‌ له‌ پارێزگای ئیدلب نزیکه‌ی 5 له‌سه‌دی خاکی سووریای به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ پلانی بۆ ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا داڕشتوووه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ستێنه‌که‌ی بڕه‌خسێندرێت هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌.

ئه‌و گۆڤاره‌ ڕاشی‌گه‌یاندوووه‌: مانه‌وه‌ی ئه‌مریکا له‌ سووریا ده‌توانێت ڕێگری له‌ هێرشێکی نوێ بۆ سه‌ر کوردی سووریا بکات به‌ڵام سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ سووریا ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ گۆڕانی به‌ سه‌ردا دێت و ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ سووریا بکشێنه‌وه‌ هه‌بوونی کوردی سوریا به‌ره‌وڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52902

Your Comment

You are replying to: .
captcha