به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، شاری ئه‌سته‌نبۆڵ ڕۆژانێکی پڕته‌نگه‌ژه تێپه‌ڕ ده‌کات و له مێژووی جمهووری تورکیا یه‌که‌مین جاره که ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کان هه‌م وه‌ک پێداچوونه‌وه له ده‌نگه به‌تاڵ‌کراوه‌کان و هه‌م دووباره ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگ ئه‌نجام ده‌درێت و چوار ڕۆژه که ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگ ده‌ستی پێکردووه و هێشتاکه‌ش درێژه‌ی هه‌یه.
به‌پێی بڕیارێک که ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تیی پارتی داد و گه‌شه (AKP) گرتوویه‌ته‌به‌ر دووباره ده‌نگی 10 هه‌زار و 395 سندۆقی ده‌نگدان له ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌ژمێردرێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌نگی به‌تاڵ‌کراوی 3 هه‌زار و 128 سندۆق ژمێردراوه‌ته‌وه که به گشتی ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنی تورکیا ده‌نگی 13 هه‌زار و 523 سندۆق ده‌ژمێرێته‌وه.
زانیارییه نافه‌رمییه‌کان باس له‌وه ده‌کات که 38 له‌سه‌دی سندۆقی ئاماژه‌پێکراوی ئه‌نجومه‌نی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کان ژمێردراونه‌ته‌وه که له ئه‌نجامدا جیاوازیی ده‌نگه‌کانی نێوان ئه‌کره‌م ئیمام ئۆغڵۆ کاندیدی سه‌رکه‌وتووی سه‌ر به پارتی کۆماریخوازی گه‌لی تورکیا (CHP) له بازنه‌ی ئه‌سته‌نبۆڵ له‌گه‌ڵ بینالی یێڵدرم کاندیدی AKP گه‌یشتۆته 18 هه‌زار و 223 ده‌نگ.
تاوه‌کوو ئێستا ده‌نگی 15 بازنه‌ی ده‌نگدان له ئه‌سته‌نبۆڵ و دوورگه‌کانی ئه‌و گه‌وره‌شاره‌ی تورکیا ژمێردراوه‌ته‌وه. جیاوازیی ده‌نگه‌کان له شه‌وی یه‌که‌می ده‌نگدان 29 هه‌زار ده‌نگ ڕاگه‌یێندرابوو که له ئێستادا به دووباره ژماردنه‌وه‌ی ته‌نها 38 له‌سه‌دی سندۆقه‌کان ئه‌و جیاوازییه بۆ 18 هه‌زار ده‌نگ دابه‌زیوه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment