هەرێمی کوردستان پێشوازی دەکات لە دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ کوردستانی ئێران

بەشی کوردستان- لەمیانەی سەردانی پارێزگاری سلێمانی بۆ کوردستانی ئێران کە بە ئامانجی واژۆ کردنی لێکتێگەیشتننامەیێک بوو لەنێوان پارێزگاری کوردستانی ئێران و پارێزگاری سلێمانی سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەی پیشەسازیی بازرگانیی ئازاد؛ هەواڵنێری کوردپرێس گفتوگۆیێکی لەگەڵ هەڤاڵ ئەبووبەکر ئەنجام دا کە لە درێژەدا دەیخوێننەوە:

کوردپرێس: ئایا بۆ جێبەجێ کردنی پڕۆژەی ناوچەی بازرگانیی پیشەسازیی ئازاد هاوبەش لەنێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان شوێنێکی تایبەت دیاری کراوە؟

هەڤاڵ ئەبووبەکرد: ئێستا ئێمە خەریکی چەند کارێکین یەکیان ئەو ناوچەی پیشەسازیی بازرگانییە ئازادەیە کە 5500 هێکتاری لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە بانە و مەریوانەوە بۆی تەرخان کراوە کە دەرفەت بۆ وەبرهێنارانی هەردوولا دەکاتەوە کە کارگەکانیان، بازرگانییەکانیان، کاڵاکانیان، دەرفەتی ئیش و پڕۆژەکانیان بێێنە ئەو ناوچەیەوە.

ناوبراو درێژەی دا: ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئێمەشەوە و لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەم بڕیارە دراوە کە بۆ ئەو ناوچانە زەوین دابین بکرێت و کاری هاوبەش لەو ناوچانەیا فەراهەم بکرێت.

هەڤاڵ ئەبووبەکر ڕاشیگەیاند دووهەم ئەو ناوچە پیشەسازییە ئازادەیە کە ئێستا لە سلێمانی ئێمە بە رڕازامەندیی وەزارەتی بازرگانیی پیشەسازی و دەستەی وەبرهێنان و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دەستمان پێکردووە کە دیسان دەرفەتی وەبرهێنان لەبواری پیشەسازییا دەکاتەوە. دەستەی وەبرهێنانی هەرێمی کوردستانیش پڕۆژەکانی ڕاگەیاندووە کە زیاتر لە 264 پڕۆژە تەنیا لە سنووری پارێزگای سلێمانی هەن کە دەرفەتی ئەمەش هەیە کە هەروەبەرهێنەرێک خواستی ئەوەی هەیە؛ بێتە پارێزگای سلێمانی و وەبەرهێنان بکات.

کوردپرێس: ئایا هەرێمی کوردستان پلانێکی تایبەتی بۆ ئەم پڕۆژانە داڕشتووە:

هەڤاڵ ئەبووبەکر: بەڵێ گەڵاڵەیێک لەسەر 3 ئاست کراوە یەکیان پشتیوانی کردنە لەم ناوچە پیشەسازی و بازرگانیی ئازادە، دووهەمیان کردنەوەی ناوچەیێکی پیشەسازیی ئازادە لە سلێمانی و سێهەمیان یاسای وەبەرهێنان و پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانە کە هەموو پڕۆژەکانی ڕاگەیاندووە.

هەر وەبەرهێنێکی بیانی خواستی ئەوەی هەبێت ئەو پڕۆژانە بکات هەموو کارئاسانیێکی بۆ ئەکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی جێبەجێ بکات.

کوردپرێس: تا چ ئاستێک کێشەکانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران چارەسەر کراوە؟

تا ڕادەیێکی زۆر باش ئەو کێشانەی لە مەرزدا هەن چارەسەر کراون و ئەمڕۆش لەگەڵ بەڕقز وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا قسەمان کردووە و هەروەها لەگەڵ دۆستەکانمان لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا قسەمان کردووە کە بە مامەڵەیێکی هاوبەش ئەو کێشانەی لە مەسەلەی کۆرۆنادا هەن و بۆ قبووڵ کردنی کارتی ڤاکسینی یەکتری و پشکنینی (PCR)ی ڕەسمیی یەکتری بۆ ئەو کەسانەی ئەم بەڵگانەیان نییە لەسەر مەرزەکان جێبەجێ بکرێت کە ئەمەش لە ئایندەیێکی نزیکدا دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەم پڕۆژەیەش چ بۆ فڕۆکەخانەکان چ بۆ دەروازە سنوورییەکان ئەنجام دەدرێت، لەڕووی ڕێکخستنی بار و بازرگانی و کاڵاکانیشەوە گفتوگۆی هاوبەش کراوە و پێشنیازی ئەوەمان کردووە کە دانیشتن و کۆبوونەوەی خولی لەنێوان دەروازەکان لە دیوی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبێت بۆ ئەوەی هەر پێشهات و کێشەیێک هاتە پێشەوە بەخێرایی چارەسەر بکرێت.

کوردپرێس: ئاستی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لەئێستادا لە چ ئاستێکدایە؟

لە ئاستێکی باشدایە بەڵام بەهۆی ئەو هەموو دەروازانەی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و ئێراندا کراونەتەوە ڕادە و شێوازی مامەڵە کردنی بارەکان و ئەو سەرچاوەنەی کە ترانزێتەکانی لێوەدێت وایکردووە کە دابەش ببێت بۆیە ئێمە لەگەڵ ڕێکخستنەوەی دەروازەکانداین کە بەخشینی تایبەتمەندین بە دەروازەکان و دەروازەی باشماخ کە دەروازەی سەرەکیی ناساندنی کاڵا ئێرانییەکان و کاڵا ترانزێتییەکانە بۆ هەموو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەبێت تایبەتمەندیێکی زیاتری پێبدرێت و زیاتر کارا بکرێت.

هەڤاڵ ئەبووبەکر وتیشی هەر لەمبارەوە دەبێت لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و حکوومەتی هەرێمەوە گفتوگۆی هاوبەش هەبێت بۆ بەهێز کردنی زیاتری چ دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ چ دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان چ سەیرانبەند چ کێلێ چ شۆشمێ چ تەوێڵە و بەمۆ و سەرتەکی بەمۆ و ناوچەی تیلەکۆ کە لە بەرنامەدایە ئەویش بکرێتەوە و هەروەها لەو خاڵانەی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانیان لە سنوورەکاندا تێدایە.

ناوبراو درێژەی دا لە 12 دەروازەی ڕەسمی لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراقدا هەن شەشیان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانییەوە.

کوردپرێس: چەن لەسەدی ئەو دەفرایەتییانەی کە لە سنوورەکانی ئەم ناوچەیەدا هەن کاری پێکراوە؟

هەڤاڵ ئەبووبەکر: تا ڕادەیێکی زۆر ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ڕێی دەروازەکانەوە بەتایبەت لە ڕێی دەروازەی باشماخ و پەروێزخانەوە ئەبێت بەڵام بەرنامەی ئێمە فراوانتر کردنیانە بەتایبەتی بەدوای کردنەوە و بەگەڕ خستنی ناوچەی پیشەسازیی بازرگانیی ئازاد، ئەم پەیوەندییانە زۆر فراوانتر دەبن.

کوردپرێس: پێش بینی ئێوە بۆ داهاتوو و جێبەجێ کردنی پڕۆژەکان چییە؟

ئێستا بەشێکی زۆریان چووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە و فراوان کردن و بەردەوامییان پێویستە.

کوردپرێس: هەڵسەنگاندنتان بۆ دانیشتن و کۆبوونەوەکانی جێبەجێ کردنی پڕۆژەکانی ناوچەی ئازادی بازرگانی چۆنە؟

تا ڕادەیێکی زۆر باش جدییەتی تێدایە بەتایبەت بە ئامادەبوونی بەڕێز دکتۆر سەعیدمحەمەد وەکوو ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری ئێران و بەرپرسی هەموو ناوچە ئازادەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەروەها ئەو تیمانەی کە بەشدار بوون لە هەردوولاوە دەرخەری ئەو ڕاستییە بوون کە مکووڕی و شوێنگیری لەلایەن هەردوولاوە هەیە.

هەڤاڵ ئەبووبەکر جەختیشی کردەوە ئێمە پشتیوانی و هاندان و فاکتەری بەهێزمان هەن ئەگەر هەموو ئەم فاکتەرە بەهێزانە لەیەک بەین ناوچەیێکی زۆر باش لە ماوەیێکی زۆر خێرادا دروست دەبێت کە دەرفەتێکی کارێکی زۆر دروست دەکات کە کەرەستەی خۆماڵی بەگەڕ ئەخات و نایێڵێت نەختینە بچێتە دەرەوە و بازاڕەکانمان بەو کاڵایانە کە پێویستە ئەبووژێنێتەوە.

News Code 5289

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha