ناکرێت حزبە کوردستانییەکان لە بەغدا داوای سازان بکەن و لە هەرێم پێچەوانەی ئەوە کار بکەن

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ناکرێ لە بەغدا داوای سازان و رێکەوتن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەین، لێرەش پێچەوانەی ئەو داخوازیانە کار بکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیماد ئەحمەد لە وتارێکدا کە لە بەشى قەڵەمى شارپرێسدا بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی: "بۆیە پێویستە کورد پێداگری لەسەر سازان و شەراکەت و بەرژەوەندی هاوبەش و شەفافیەت لە مەلەفی نەوت وگاز و گونجاندنی لە گەڵ دەستوور و نێوماڵی خۆی قایم بکات".

ناوبراو دەشڵێت: "نەوەیەکی سیاسی رەسەن ئەوکات لە کایەکەدابوون، کە خۆیان ئۆپۆزسیۆن و ئەندازیاری روخاندنی بەعسیش بوون، خاوەن ئەزموون و شارەزایی بوون، قوڵایی مێژووی و دەرکی سیاسی پێویستیان هەبوو، وەکوو مام جەلال، کاک مەسعود، کاک نەوشیروان ، محمد باقر حەکیم ، مەحەمەد بەحر العلووم ، ئەحمەد چەلەبی،عدنان پاچەچی، ئەیاد عەللاوی،نەسير چادرچی ....هتد ئەمانە سەرەڕای ئەزموون و شارەزایی، خەبات و یادەوەرەکی هاوبەشی مێژووییان پێکەوە هەبوو، ئێستا ئەو یادەوەریە خەریکە کاڵ ئەبێتەوە".

عیماد ئەحمەد ئاماژەى بەوەشکردووە، رێکخستنەوەی ماڵی خۆمان پێشمەرجی هەموو ئەو هەنگاو پێویستانەیە کە لە پێشمانن، بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک کەم بکەینەوە، لە کوردستان دەرگا بۆ بەشداری راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەینەوە.

ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى دەشڵێت، ناکرێ لە بەغدا داوای سازان و رێکەوتن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەین، لێرەش پێچەوانەی ئەو داخوازیانە کار بکەین.

هەروەها لە وتارەکەشیدا عیماد ئەحمەد باسى لەوە کردووە، ئێستا بۆشایی لەنێوان کورد و شەقامی عەرەبی بەتایبەت شەقامی شیعی دروست بووە، پێویستە ئەم بۆشاییە چارەبکرێت و وەکوو جاران خاڵە هاوبەشەکان دەستنیشان بکەن، بەوتەى خۆی ھەوڵیش بدەن بەشێک لە کێشەکانیش هەڵبگرین بۆ کاتێکی تر کە زەمینە لە بار بێت بۆ چارەسەرکردنیان.

News Code 5283

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha