بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عیماد ئەحمەد لە وتارێکدا کە لە بەشى قەڵەمى شارپرێسدا بڵاوکراوەتەوە نووسیویەتی: "بۆیە پێویستە کورد پێداگری لەسەر سازان و شەراکەت و بەرژەوەندی هاوبەش و شەفافیەت لە مەلەفی نەوت وگاز و گونجاندنی لە گەڵ دەستوور و نێوماڵی خۆی قایم بکات".
ناوبراو دەشڵێت: "نەوەیەکی سیاسی رەسەن ئەوکات لە کایەکەدابوون، کە خۆیان ئۆپۆزسیۆن و ئەندازیاری روخاندنی بەعسیش بوون، خاوەن ئەزموون و شارەزایی بوون، قوڵایی مێژووی و دەرکی سیاسی پێویستیان هەبوو، وەکوو مام جەلال، کاک مەسعود، کاک نەوشیروان ، محمد باقر حەکیم ، مەحەمەد بەحر العلووم ، ئەحمەد چەلەبی،عدنان پاچەچی، ئەیاد عەللاوی،نەسير چادرچی ....هتد ئەمانە سەرەڕای ئەزموون و شارەزایی، خەبات و یادەوەرەکی هاوبەشی مێژووییان پێکەوە هەبوو، ئێستا ئەو یادەوەریە خەریکە کاڵ ئەبێتەوە".
عیماد ئەحمەد ئاماژەى بەوەشکردووە، رێکخستنەوەی ماڵی خۆمان پێشمەرجی هەموو ئەو هەنگاو پێویستانەیە کە لە پێشمانن، بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵک کەم بکەینەوە، لە کوردستان دەرگا بۆ بەشداری راستەقینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکەینەوە.
ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسی یەکێتى دەشڵێت، ناکرێ لە بەغدا داوای سازان و رێکەوتن و تێپەڕاندنی قەیرانەکان بکەین، لێرەش پێچەوانەی ئەو داخوازیانە کار بکەین.
هەروەها لە وتارەکەشیدا عیماد ئەحمەد باسى لەوە کردووە، ئێستا بۆشایی لەنێوان کورد و شەقامی عەرەبی بەتایبەت شەقامی شیعی دروست بووە، پێویستە ئەم بۆشاییە چارەبکرێت و وەکوو جاران خاڵە هاوبەشەکان دەستنیشان بکەن، بەوتەى خۆی ھەوڵیش بدەن بەشێک لە کێشەکانیش هەڵبگرین بۆ کاتێکی تر کە زەمینە لە بار بێت بۆ چارەسەرکردنیان.
Your Comment