کوردپرێس:
ئەمڕۆ چوارشەمە 27ی ئازاری 2019 رێوڕەسمی خهڵاتی رێزلێنان و بهخشینی دكتۆراى فهخری به زانا و بیرمهندی كورد پرۆفیسۆر كۆچهر بیركار به ئامادهبوونی نێچیرڤان بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سهرۆكی حكوومهت و ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ژمارهیێک له بهرپرسانی حكوومی و و حزبی و سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و نوێنەر و کۆنسووڵی وڵاتان و ژمارهیێک كهسایهتیی جۆراوجۆر بهرێوه چوو.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی بەخشینی بڕوانامەی دکتۆرای فەخری بە پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر بیرکار لە هەولێر رایەگەیاند "لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە ئەوان... دەبێ مامۆستایان و قوتابیان کۆچەر بیرکار بکەنە نموونەی باڵاى خۆیان".
دەقی گوتارەکەی سەرۆکوەزیران:
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
سڵاوتان لێ بێ،
بەخێرھاتنی ھەموو لایێکتان دەکەم، بەتایبەتی بەخێرھاتنێکی گەرمی میوانی ئـازیز دکتۆر "کۆچەر بیرکار" دەکەم. ھەروەھا دەستخۆشی و سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین و دکتۆر "ئـەحمەد دزەیی" سەرۆكى زانكۆ دەکەم کە بڕیاریان دا پلەی دکتۆرای شانازی بە پرۆفیسۆر "دکتۆر کۆچەر" ببەخشن. سوپاسیان دەكەم بۆ رێکخستنی ئەم رێوڕەسمه و خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم كه لێرە لەگەڵ ئێوەى بەڕێزدا بەشدارم.
ئەوه راستی بێت، لەبەر دوو ھۆ ھەست بە خۆشحاڵی دەکەم. بێگومان یەکەمیان بوونی دکتۆر کۆچەرە لێرە کە ئـەم بۆنەیە تایبەتە بە ئەوان. دووەم: لەوانەیە کاتی ھاتبێ ئـێمەش رایبگەینین؛ پێویستە روو بکەینەوە بواری ژیانی شارستانییانەی ئـاسایی کە ساڵانێکە بەھۆی گرژییەكان و ئاڵۆزى و شەڕەوە، کەمێک دوور کەوتبووینەوە.
ئێمە نابێ ھیچ ڕۆژێک ئەو ڕاستییەمان لەبیر بچێتەوه کە تاکە رێگەی پێشکەوتنی ھەر گەلێک بریتییە لە فێربوونی زانستی سەردەمییانە. دەبێ لەبیرمان نەچێتەوە کە بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، داھاتووی گەش و سەربەرزانە تەنیا لە دەسکەوتنی زانست و لەدەسکەوتی زانستییانەدایە.
گەلی کوردستان لە ھەر شوێنێک بێت شانازی بەو کەسایەتییە زانستییانەوە دەکات کە دەتوانن لە بواری جۆراجۆردا ناوی کوردستان ببەنە پێشەوە و لە ناوخۆشدا ببنە ھاندەری گۆڕانی بیر و ھزری کۆمەڵگە. ئەمە خەباتێکی گەورەیە لە پاڵ خەباتی سیاسیدا. کوردستان پێشمەرگە و كەسى چاونەترسی زۆرە، ئـەمڕۆ پێویستیمان بە كەسانى لێهاتوو و زاناى بوارەکانی زانستە کە بتوانن پەرە بە بیر و مێشک بدەن.
ئـێمە دەزانین دکتۆر کۆچـەر خۆی خۆی پێگەیاندووە و تەنیا بنەماڵەکەی پشتیوان و ھاندەری بوون تا گەیشتە ئەوەی کە خەڵاتی ناوداری (فیڵدز) لە بواری زانستی ماتماتیکدا بەدەست بھێنێت. ئەمە ھـەر بۆ خـۆی وانەیێكى تره بۆ لاوان کە دەبێ زیاتر پشت بە خۆیان ببەستن. بیانوو یان گلەیی، چارەسەری ھیچ کەموکوڕییێکی کۆمەڵگەی ئێمە ناکات. تەمەن دەڕوا و مێژوو دەڕوا و دەبێ سوود لە کات وەرگرین.
لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی (٣٠) زانکۆ ھەیە کە (٧٠٠) ھەزار قوتابی و خوێندکار و (ھەشت ھەزار) دکتۆر و مامۆستا دەگرنە خۆیان. حکوومەتی ھەرێمى كوردستان سەرەڕای ھەموو کەموکوڕییێکی باری ئابووری، ھەردەم ئەولەوییەتی خۆی داوە بە پشتیوانی لە خوێندن.
بێگومان ناڵێین ھیچ کەموکوڕییێک نەبووە و ھەموو شتێک تەواوە، بەڵام دەڵێین پێویستە قوتابییان و مامۆستایان لەم سەردەمە زێڕینەی مێژووی کوردستاندا کات بەفیڕۆ نەدەن. دەبێ لە پێناوی فێربووندا شەو و رۆژ بخەنه سەر یەك. دەبێ لەمەولا زانایێکی وەکوو دکتۆر "کۆچەر بیرکار" بکەن بە نموونەی باڵاى خۆیان کە ھەنگاوێكى مەزنى ھەڵێنا و گەیشت بە لووتکەیێکی بەرز. ھیوادارین و دڵنیاین دەگات بە لووتکەی بەرزتریش.
دەبێ قوتابییان و خوێندکارانی کوردستان بە سەربەرزییەوە بچنە سەر گۆڕی شاعیرانی مەزنى وەک حەزرەتى خانى و مامۆستا قانیع و پیرەمێرد و بێکەس کە داوای فێربوونی زانستیان لێ دەکردین. ھەروەھا بە سەربەرزییەوە بچینە بەردەم وێنەی سەركرده مەزنهكانى وەکوو شێخ مەحموود و قازی محەممەد و بارزانیی نەمر کە لە پێناو داھاتووی ئێمەدا، ھەموو قوربانییێکیان بەخشى.
ئێمە لە حکوومەتی ھەرێمى كوردستان، ئـەو سەردەمەی تەنانەت کوردستان لەژێر دوو گەمارۆی ئـابوورییشدا بوو، ھەر ئەولەوییەتمان دابوو بە زانکۆ و پەیمانگاکان. لە سەردەمی پێش ئێمەدا، گەیشتن بە زانکۆ بۆ زۆر کەس خەونێك بوو، لە سەردەمی حکوومەتی ھەرێمدا ھەموو ماڵێک پڕ بوو لە قوتابی و دەرچووی زانکۆ.
بەڵام ئەوەش بزانین، لە خوێندندا ئـاستی زانستی گرنگە. ئامانجى یەكەم و سەرەكیى قوتابییان و خوێندكاران دەبـێ بەدەستهێنانى زانست و زانین بێت. دەبێ خۆدەوڵەمەندكردن و خۆپڕچەككردن بێت به زانست و زانین، نەك تەنیا دەرچوون له زانكۆ و وەرگرتنى بڕوانامه.
لەم بۆنەیەدا داوا لە سەرۆکایەتیی زانکۆ حکوومی و ئـەھلییەکان دەکەم کە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدەن. با ھەرێمی کوردستان ببێته نموونەی پێشکەوتنی خوێندن و زانست. خەباتی ڕاستەقینەی ئێمە لێرەدایە. بەدیھاتنی خەونی باوک و باپیران تەنیا بە سووربوون و ماندووبوونی ئێوە لە پێناوی فێربوون و زانستدا دێتە دی.
لە رابردووی کۆندا، شان بە شانی سەرکردەی سیاسیی مەزن و ناودار، گەلێک زانا و ڕۆشنبیر و ھونەرمەندی گەورەش لەناو گەلەكەماندا ھەڵکەوتوون. ئەگەر سەیری لاپەڕەی مێژووی ئـەو زانست و کولتوورە بکەین کە بە زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی نووسراوە، ناوی سەتان لە ڕۆڵەکانی کوردستان دەکەوێتەوە بەرچاومان.
ئەوە بەشێکە لە مێژووی ھاوبەشی ئێمە و میللەتانی دەوروبەر کە بێگومان مایەی شانازییە، بەڵام ئەو سەردەمانە کوردستان خاوەنی ھیچ پێناسەیێکی سەربەخۆ نەبوو، لەبەر ئەوە بەرھەمی زانا و بلیمەتەكانى ئـێمە، بێكەس دەمانەوە و دەکەوتنە لای میللەتانی تر.
ئێستا کوردستان خاوەنی ھەیە. ئێمە پێناسەمان ھەیە و لە ڕیزی گەلانداین. بە دڵنیاییشەوە لە داھاتوودا دەبین بە خاوەنی پێناسەی گەورەتر. ئـەم ئـەرکە ھەر سیاسەت نایکات و ھەر پێشمەرگەش شانی ناداتە بەر. ئـێوە لە زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەکانی کوردستاندا گۆڕەپانی پێشبڕكێى ژیار و شارستانیەتی سەردەم بەڕێوە دەبەن.
ئامادەبووانى بەڕێز، لەبەر ئەم چەند سەرنجانه بوو حەزم کرد لەم بۆنەیەدا بەشداریتان لەگەڵدا بکەم، وێڕای خۆشحاڵیم بە "دکتۆر کۆچەر بیرکار" کە تایبەت بۆ ئـەوان ئێمە ئەمڕۆ ھەموومان لێرە کۆ بووینەتەوە.
لە کۆتاییدا، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵەی وەکوو پرۆفیسۆر دکتۆر کۆچەر بیرکاری پێگەیاندووە. دڵنیام ھەموو تاکێکی کوردستان شانازی بەم ڕۆڵە لێھاتووەی بواری زانستی ماتماتیکەوە دەکات.
پیرۆزباییی گەرمم بۆ دکتۆر کۆچەر خۆی ھەیە بۆ ھەموو دەسکەوتە زانستییەکانی رابردووی، ھەروەھا ئەو خەڵاتە بەرزانەی کە بەدەستی ھێناون. پیرۆزبایی و دەسخۆشی لە بنەماڵەى بەڕێزیان دەکەم کە ئەم شانازییە گەورەیەی بە دیاری داوە بە نیشتمان. بەڕێزیان، بەو دەستكەوته زانستییانەى بەدەستى ھێناون، خزمەتێكى گەورەى به گەل و وڵاتەكەى كردووه.
پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی ئـەم ھەموو زانکۆ و ئـەم ژمارە گەورانەی قوتابی و دکتۆر و مامۆستایانە، ئـەمە پێشکەوتنێکی مەزنە دەبێ ھەستی پێ بکەین.
سوپاسى وەزارەتى پەروەرده و جەنابى وەزیر بەڕێز د. پشتیوان سادق دەكەم كه ھەوڵەكانیان دەست پێكردووه بۆ ئەوەى ھەرێمى كوردستان بتوانێت له ساڵى 2022ـەوه له ھەڵسەنگاندنى نێودەوڵەتى بۆ خوێندنى ماتماتیك و زانستەكان (تیمس ـ TIMSS) بەشدار بێت كه ھەر چوار ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت و تیایدا ئاستى سیستمى پەروەردەیى دەردەكەوێت.
سڵاو و ڕێزم بۆ ھەموو لایێک دووبارە دەکەمەوە. بەتایبەت سەرۆکایەتیی زانکۆکان و قوتابییان و مامۆستایان و فەرمانبەران. ھەردەم لە بیرتان بێت کە ئـێمە چاوەڕوانیمان لە ئـێوە زۆرە.
وەک پێشتر گوتم، ھیوادارم ئـەم بۆنەیە و ساڵی تازە، دەسپێک بێت بۆ سەردەمێکی تازەی ژیانی گەلی کوردستان کە سەردەمی پێشبڕكێى زانستە. لە بیرمان نەچێت کە داھاتووی ئـێمە لە وەرگرتنی زانستدایە.
دیسان سوپاس بۆ ھەموو لایێک، ھەر بژین بە شادی و سەرفرازی.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment