هه‌رێمی کوردستان لیژنه‌یێک بۆ به‌دواداچوونی چاره‌نووسی ئێزدییه‌کان له‌ سووریا پێکده‌هێنێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لیژنه‌یێکی پێکهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ باغۆز و که‌مپی ئه‌لهۆل له‌ حه‌سه‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوونی چاره‌نووسی زیاتر له‌ 3 هه‌زار کوردی ئێزدی که‌ بێسه‌روشوێنن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حوسێن كورۆ قائیدی به‌رپرسی نووسینگه‌ی ڕزگاركردنی ڕفێندراون که‌ سه‌ر به‌ نووسینگه‌ی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستانه‌ ڕای‌گه‌یاند: سه‌ره‌ڕای کۆتایی هاتنی داعش به‌ڵام هێشتا چاره‌نووسی هه‌زاران کوردی ئێزدی دیلی ده‌ستی داعش نادیاره‌ و به‌و بۆنه‌وه‌ حکوومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یێکی پێکهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بچنه‌ باغۆز و که‌مپی ئه‌لهۆل له‌ حه‌سه‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و کورده‌ ئێزدییانه‌ی له‌ ژیاندا ماون.

پێشتر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی کاروباری ئێزدییان له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و کاروباری ئایینیی هه‌رێمی کوردستان ڕای‌گه‌یاندبوو: له‌ کۆی شه‌ش هه‌زار و 417 کوردی ئێزدی ڕفێندراوی ده‌ستی داعش ته‌نیا سێ هه‌زار و 371 کوردی ئێزدی ڕزگاریان بوووه‌ و 3 هه‌زار و 46 که‌سیش چاره‌نووسیان دیار نییه‌.

ئه‌مه‌ش له‌ حاڵێکدایه‌ له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا داعش دوامۆڵگه‌ی خۆی له‌ ڕووی جوگرافییه‌وه‌ له‌ باغۆزی سه‌ر به‌ پارێزگای دێره‌زووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا له‌ ده‌ست دا و هیچ شوێنێكیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌ماوه‌ به‌ڵام تا ئێستا سه‌دان ڕفێندراوی ئێزدی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و ڕێكخراوه‌وه‌ ڕفێندرابوون چاره‌نووسیان به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ و كه‌سوكاره‌كانیان داوا ده‌كه‌ن لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌وڵه‌كانیان بۆ دۆزینه‌وه‌ی كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنی باغۆزدا زیاتر له‌ 200 ژن و منداڵی کوردی ئێزدی ڕزگار کران و گواسترانه‌وه‌ شه‌نگال یان که‌مپه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52774

Your Comment

You are replying to: .
captcha