به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌مید ڕوکن زانیار حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ی فه‌وجی یه‌کی لیوای ٣ی سه‌ر به کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی به (باسنیووز)ی ڕاگه‌یاند: "ڕاسته ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش له باغۆز کۆتایی ھاتوووه به‌ڵام له ده‌وروبه‌ری که‌رکووک و حه‌ویجه و چیای قه‌ره‌چوغ داعش چالاکیی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات و کۆتایی به‌و ڕێکخراوه نه‌ھاتووه و پێویسته ھێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان سه‌نگه‌ره‌کانی زیاتر توندوتۆڵ‌تر بکات نه‌وه‌کوو سه‌رنگه‌ره‌کانی چۆڵ بکات".
ناوبراو گوتیشی: "ماوه‌یێک پێش ئێستا داعش له ڕێگه‌ی مووسڵه‌وه که‌مینی بۆ ھێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی دانا و له‌و چالاکییه‌دا توانییان چه‌ند که‌سێک له ھێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی بکوژن بۆیه داعش کۆتایی نهھاتوووه و شێوازی شه‌ڕه‌کانیشی گۆڕیوه به جۆرێک ئه‌وان شه‌ڕی فراوان ناکه‌ن به‌ڵکوو شه‌ڕی پارتیزانی ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه باشتره ھێزی پێشمه‌رگه خۆی ڕێک بخاته‌وه و سه‌نگه‌ره‌کانی پته‌وتر بکات".
عه‌مید ڕوکن زانیار حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "ڕێکخراوی داعش له ھه‌ندێک شوێندا له ڕووی سه‌ربازییه‌وه له‌ناو چوون به‌ڵام له ڕووی فکرییه‌وه له‌ناو نه‌چوون، ته‌نانه‌ت ھاوسه‌ری چه‌کداره‌کانی داعش ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ناو نه‌چوووه و ئێمه منداڵه‌کانمان بۆ جیلێکی دیکه په‌روه‌رده ده‌که‌ین و بێگومان ئه‌وه زه‌نگێکی مه‌ترسیداره و مانای ئه‌وه ده‌گه‌یێنێت داعش کۆتایی نهھاتوووه".
فه‌رمانده‌که‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌وه‌ش کرد که ڕێکخراوی داعش له ده‌وروبه‌ری که‌رکووک و حه‌ویجه و ڕوومادی سه‌رھه‌ڵده‌ده‌نه‌وه بۆیه پێویسته مامۆستایانی ئایینی له ڕێگه‌ی مزگه‌وته‌کانه‌وه ڕۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن بۆ بنه‌بڕکردنی فکره‌ی داعش.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment