فه‌رمانده‌یێکی پێشمه‌رگه‌: داعش کۆتایی نه‌ھاتوووه‌ و سه‌نگه‌ره‌کانمان توندوتۆڵتر ده‌که‌ین

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فه‌رمانده‌یێکی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت: داعش کۆتایی نه‌ھاتوووه‌ و له‌ ھه‌ندێک ناوچه‌ چالاکیی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات به‌و بۆنه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌کانی پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه تیرۆریستییه‌‌ توندوتۆڵتر ده‌کرێته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌مید ڕوکن زانیار حه‌سه‌ن فه‌رمانده‌ی فه‌وجی یه‌کی لیوای ٣ی سه‌ر به‌ کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ عه‌لی به‌ (باسنیووز)ی ڕاگه‌یاند: "ڕاسته‌ ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش له‌ باغۆز کۆتایی ھاتوووه‌ به‌ڵام له‌ ده‌وروبه‌ری که‌رکووک و حه‌ویجه‌ و چیای قه‌ره‌چوغ داعش چالاکیی سه‌ربازی ئه‌نجام ده‌دات و کۆتایی به‌و ڕێکخراوه‌ نه‌ھاتووه‌ و پێویسته‌ ھێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان سه‌نگه‌ره‌کانی زیاتر توندوتۆڵتر بکات نه‌وه‌کوو سه‌رنگه‌ره‌کانی چۆڵ بکات".

ناوبراو گوتیشی: "ماوه‌یێک پێش ئێستا داعش له‌ ڕێگه‌ی مووسڵه‌وه‌ که‌مینی بۆ ھێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی دانا و له‌و چالاکییه‌دا توانییان چه‌ند که‌سێک له‌ ھێزه‌کانی حه‌شدی شه‌عبی بکوژن بۆیه‌ داعش کۆتایی نه‌ھاتوووه‌ و شێوازی شه‌ڕه‌کانیشی گۆڕیوه‌ به‌ جۆرێک ئه‌وان شه‌ڕی فراوان ناکه‌ن به‌ڵکوو شه‌ڕی پارتیزانی ده‌که‌ن هه‌ر بۆیه‌ باشتره‌ ھێزی پێشمه‌رگه‌ خۆی ڕێک بخاته‌وه‌ و سه‌نگه‌ره‌کانی پته‌وتر بکات".

عه‌مید ڕوکن زانیار حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "ڕێکخراوی داعش له‌ ھه‌ندێک شوێندا له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ له‌ناو چوون به‌ڵام له ‌ڕووی فکرییه‌وه‌ له‌ناو نه‌چوون، ته‌نانه‌ت ھاوسه‌ری چه‌کداره‌کانی داعش ده‌ڵێن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ناو نه‌چوووه‌ و ئێمه‌ منداڵه‌کانمان بۆ جیلێکی دیکه‌ په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ین و بێگومان ئه‌وه‌ زه‌نگێکی مه‌ترسیداره‌ و مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یێنێت داعش کۆتایی نه‌ھاتوووه‌".

فه‌رمانده‌که‌ی ھێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی کوردستان باسی له‌وه‌ش کرد که‌ ڕێکخراوی داعش له‌ ده‌وروبه‌ری که‌رکووک و حه‌ویجه‌ و ڕوومادی سه‌رھه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌ بۆیه‌ پێویسته‌ مامۆستایانی ئایینی له‌ ڕێگه‌ی مزگه‌وته‌کانه‌وه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌کی بگێڕن بۆ بنه‌بڕکردنی فکره‌ی داعش.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52758

Your Comment

You are replying to: .
captcha