بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد سافی نوێنەری مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق لەمیانی وتاری هەینیدا سەرەخۆشیی ئاراستەی دانیشتووانی موسڵ و کەسوکاری ئەوانە کرد کە لە ڕووداوەکانی شارەکەدا خنکان، داواشی کرد وردەکاریی ڕووداوەکە ئاشکرا بکرێت و لێپرسینەوە لەو کەسانەش بکرێت کە بوونەتە هۆی ئەو ڕووداوە کارەساتبارە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، دوو بابەتی گرنگ هەیە، یەکەمیان پێویستە بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگیرێت لەکاتی ئەو ڕووداوە گەورانەدا، بەتایبەت لەلایەن ئەو کەسانەوە کە ڕووداوەکە دەکەوێتە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی فەرمانگەکەیان، دەبێت دەستبەجێ دەستلەکاربکێشێتەوە و خۆی بخاتە ژێر لیژنەی چاودێرییەوە، بە مەبەستی ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی ڕووداوەکە و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی و دەرئەنجامی هەموو کەموکوڕییەکان.
دووەمیان ئەم مامەڵە و هەڵسوکەوتە لە زۆربەی وڵاتان کە ڕوودەدات، پەیامێکە بۆ هاوڵاتییان بەوەی کە لێپرسراوان هەست بە بەرپرسیارێتی ناکەن، بەوەی تەنها خاوەنی پۆستەکەیەتی و تەنها بیر لە بەرژەوەندیی خۆی دەکاتەوە و ئامادە نییە پۆستەکەی جێبهێڵێت.
لە بەشێکی تری وتەکانیدا نوێنەری مەرجەعیەت ڕوونی کردەوە، ئەو ڕووداوە کارەساتبار و بەئازارەی شاری موسڵ، ئاماژەیێکە بۆ شکست و کەموکوڕییێکی گەورە لە سیستمی ئیداریی دەوڵەت، دەریدەخات سیستمی چاودیری هیچ ڕۆڵێکیان نییە و ڕووداوەکە بەشێکە لەو گەندەڵییەی کە لە وڵاتەکەدا تەشەنەی کردووە.
ناوبراو جەختیشی کردەوە، پێویستە ڕۆڵی چاودێری کارابکرێت لە فەرمانگەیێکی بچووکەوە تا بەرزترین شوێن، زۆرێک لە لێپرسراوانی بواری چاودیری ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، یاخود چاوپۆشی دەکەن بە بەرتیل وەردەگرن، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە لە دروست بوونی ڕووداوە کارەساتبارەکان لە سەرجەم بوارەکان.
لەسەر ژێرئاوکەوتنى بەلەمەکەى موسڵ و هێرش کردنەسەر خۆپیشاندەران لەلایەن پاسەوانەکانییەوە، ئەنجومەنى پارێزگاى شارەکە بڕیاریدا پارێزگار ڕەوانەى لێکۆڵینەوە بکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment