کوردپرێس:
محەمەدی حاجی مەحموود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ سایتی ڕۆژنیوز، باسی لە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و رایگەیاندووە: لە خولی ڕابردوودا ئێمە لەگەڵ حزبی شیوعی و حزبی زەحمەتكێشان و بەشێك لە كۆتاكاندا كە سەرجەممان خاوەنی 15 كورسی بووین لە پەرلەمان ڕێككەوتنێكمان هەبوو، بەڵام هیچ پۆستێكیان پێ نەداین، ئەمجارە ڕێككەوتنێكی پەرلەمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا كردووە، جارێ نازانین ئەنجامەكەی چۆن دەبێت.
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕەتیشی كردەوە كە ئاسۆیێكی ڕوونیان دەربارەی پۆستەكانیان لە حكوومەتی نوێ هەبێت و وتی: تا ئێستا نە هیچ پۆستێكمان بۆ پێشنیاركراوە و نە ئێمەش داوای هیچ پۆستێكی دیاریكراومان كردووە.
محەمەدی حاجی مەحموود، لە بەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا، ڕەخنەی لە شێوازی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرتوووە رایگەیاندوووە: ئەمەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەكرێت، هیچی یاسایی نییە، حزب بڕیار لە پێكهێنانی حكوومەت دەدات و بڕیار دەدات پەرلەمان چی بكات، لەكاتێكدا ئەمە ئیشی پەرلەمانە، بۆیە پێم وایە دەسەڵاتەكان لە پەرلەمان وەرگیراوەتەوە.
Your Comment