نێچیرڤان بارزانی بانگهێشتی سەرمایەگوزاران دەکات بێنە کوردستان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان به‌ پله‌ى يه‌كه‌م و به‌ شێوه‌يێكى سه‌ره‌كى پشت به‌ كه‌رتى تايبه‌ت ده‌به‌ستێت بۆ بنياتنانى كه‌رتى گه‌شتيارى بۆیە بانگهێشتی سەرمایەدانەران دەکەم سەرنج بخەنە سەر ئەو کەرتە.

کوردپرێس:

ئەمڕۆ یەکشەمە 17ی ئاداری 2019 دووهەمین پێشانگای گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر دەستی بەکار کرد و نێچیرڤان بارزانی لە ڕێوڕەسمی کرانەوە پێشانگاکەدا وتارێکی پێشکەش کرد.

نێچیرڤان بارزانی لە وتەکانیدا ڕایگەیاند: حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ پله‌ى يه‌كه‌م و به‌ شێوه‌يێكى سه‌ره‌كى پشت به‌ كه‌رتى تايبه‌ت ده‌به‌ستێت بۆ بنياتنانى كه‌رتى گه‌شتيارى. كه‌رتى تايبه‌ت ده‌توانێت بۆ بنياتنانى ژێرخانێكى تۆكمه‌ و فراوانى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕۆڵى يه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگێڕێت. ده‌بێ دۆخ و به‌سه‌رهاته‌كانى چه‌ند ساڵى سه‌ختى ڕابردوو ببنه‌ په‌ند و وانه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان. ده‌بێ به‌ هه‌موو شێوه‌يه‌ك كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ين كه‌ هه‌رێمى كوردستان زۆرترين داهاتى خۆى نه‌ك له‌ نه‌وت و سامانه‌ سروشتييه‌كان، به‌ڵكو له‌ كه‌رته‌كانى ديكه‌ى گه‌شتيارى، كشتوكاڵ و پيشه‌سازييه‌وه‌، دابين بكات.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای بەسەرکردنەوەی بەشە جیاوازەکانی پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، هه‌رێمى كوردستان زه‌مينه‌یێكى له‌بار و مادده‌يێكى خاوى زۆر باشى گه‌شتيارييه‌، ده‌كرێ زۆر زياتر له‌وه‌ى كه‌ هه‌يه‌ بقۆزرێته‌وه‌ و بكرێته‌ ناوه‌ندێكى ديارى گه‌شتيارى له‌سه‌ر ئاستى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. هاونیشتمانییانیش "هيچ كێشه‌يێكیان له‌گه‌ڵ بير و فه‌لسه‌فه‌ى گه‌شتياريدا نييه‌".

ناوبراو زیادی کرد: هيوادارم ئه‌م پێشانگه‌يه‌ بتوانێت له‌م ڕووه‌وه‌ خزمه‌تێكى باش پێشكه‌ش بكات و وه‌به‌رهێنه‌ران هان بدات بۆ وه‌به‌رهێنان و سه‌رمايه‌گوزارى له‌ بوارى گه‌شتياريدا له‌ هه‌رێمى كوردستان. ببێته‌ هانده‌رێك بۆ هاتنى زياترى گه‌شتياران بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌مساڵ و له‌ ساڵانى داهاتوودا. وا بكات هه‌رێمى كوردستان ببێته‌ خاوه‌نى باشترين خزمه‌تگوزاريى گه‌شتيارى و ڕووگه‌يه‌كى سه‌ره‌كيى گه‌شتياران له وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بە کێشە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو کرد و زیادیشی کرد: بێگومان ئه‌گه‌ر دۆخى سه‌ختى چه‌ند ساڵى ڕابردوو نه‌بوايه‌، حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پلانێكى فراوانى بۆ بره‌ودان و پێشخستنى كه‌رتى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان جێبه‌جێ ده‌كرد، هه‌ر له‌ ڕێكخستنه‌وه‌ و فراوانكردنى ژێرخانى گه‌شتيارييه‌وه‌، تا ده‌گاته‌ پێشكه‌شكردنى باشترين خزمه‌تگوزاريى گه‌شتيارى له‌ هه‌موو بواره‌كانى گه‌شتياريدا.

بارزانی گوتیشی: له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه‌ لێره‌دا‌ ئه‌م بۆنه‌يه‌ به‌ ده‌رفه‌ت ده‌زانم دووباره‌ داوا له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمايه‌دارانى بيانى و ناوخۆيى بكه‌م تاكو بێن كار و وه‌به‌رهێنان له‌ كه‌رتى گه‌شتياريى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن. به‌ دڵنياييه‌وه‌ ده‌ڵێم: زه‌مينه‌ى گه‌شتيارى له‌ هه‌رێمى كوردستان هێنده‌ له‌باره‌، ده‌كرێ له‌ چه‌ند ساڵى داهاتوودا ببێته‌ سه‌رچاوه‌يێكى گه‌وره‌ى قازانج بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران، هه‌روه‌ها بۆ هه‌رێميش ژێرخانێكى ده‌وڵه‌مه‌ندى گه‌شتيارى بنيات بنرێت كه‌ ببێته‌ يه‌كێك له‌ سه‌رچاوه‌ سه‌ركييه‌كانى داهات، سه‌دان هه‌زار ده‌رفه‌تى كاريش دابين بكات.

News Code 52627

Your Comment

You are replying to: .
captcha