کوردپرێس: لە سی و یەکەمین ساڵۆگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەباەری ئەم کارەساتە مرۆییەوە بۆ کوردپرێس وتی: حکوومەتی بەعس پلانی هەبوو بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، دژایەتی کردنی ڕەژیمی بەعس هەمبەر گەڵی کورد قۆناغ بە قۆناغ بووە، ئەبینین پڕۆسەی ئەنفالی دەست پێکردووە و بۆوردوومانی کیمیایی ئەنجام دا دیارە هەموو ئەم کارانە بە بەرنامە بووە، هەڵەبجە شارێکی کوردی زیندوو بووە لە ئاستی ڕۆشەنبیری فەرهەنگیش پێشینەی بووە ئەوەش گەیاندوویە ئەو ئاستەی کە بەو شێوەیە بۆردوومانی بکەن.
لوقمان عەبدولقادر لەبارەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە تا ئێستا بۆ هەڵەبجە دراوە وتی: بە تەوەقوعی ئێمە و ئەوەی کە ئێمە وەکوو خەڵکی کەسوکاری قوربانیانی هەڵەبجە پێش بینیمان دەکرد لەو ئاستەدا نییە بەڵام ئەمەش بەو مانایە نییە کە هیچ نەکرابێت بۆ هەڵەبجە. هەڵەبجە دوای کیمیاباران تەخت کرا و شارێکی تر بەناوی هەڵەبجەوە دروست کرا بۆیە ئەمەش کە تا ئێستا کراوە، بەرچاوە بەڵام لە چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو. بەڵام حکوومەتی عێراقیش بووجەیێکی جیاوازی وەکوو پارێزگاکانی دیکە بۆ هەڵەبجە دانەناوە، کە وایە تا ڕادەیێک کاری بۆ کراوە بەڵام جێگەی تەماحی ئێمە نییە.
ناوبراو سەبارەت بە هاوکارییە بیانییەکان بۆ ناساندنی کارەساتی هەڵەبجە و دواتریش بۆ یارمەتی دانی قوربانیان ڕایگەیاند: هەرلە سەرەتای تاوانەکەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامیی ئێران نەبووایێت ئەوانەشمان کە بریندار بوون ئێستا نەمابوون بۆیە بە ڕای من ئەوەی کە ئێران کردی هەوڵێکی ئینسانی و دۆستانە بوو لە ئێستاشدا هاوکاری و هەماهەنگی باشی کردووە لەگەڵ بریندارەکانی هەڵەبجە.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبارەی هاوکاریی پزیشکی و کۆمەڵایەتی بۆ چارەسەرکردنی قوربانیان زیادی کرد: ئێمە بەردەوام هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لە ڕووی پزیشکییەوە بریندارەکانی ئێمە زیاتریان لە ڕێگای ئێرانەوە چارەسەرییان وەرگرتووە و لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە ئەو فەرهەنگ و کەلتوور و ناسینەی کە دروست بووە ئێستەش بەردەوامە بە تایبەتی لەگەڵ قوربانیانی ئێران لەشاری سەدەشت و دیکەی ناوچەکانی ئێران کە کیمیابارن کران پێوەندییێکی دۆستانەمان دروست کردووە.
لوقمان عەبدولقادر لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە بۆ چارەسەریی پزیشکی ئایا وەفدەکانی ئێران بەردەوامن لە هاتن بۆ هەڵەبجە و ئایا بریندارەکانی هەڵەبجە سەردانی ئێران دەکەن؟ وتی: بۆ ماوەیێک هەر ئەم پڕۆسە بووە و ئێستەش نەخۆشەکانمان لە ئێران نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لەبارەی ونبووەکانی هەڵەبجە و ئەوەی کە تا ئێستا چەند کەس دۆزراونەتەوە و هەوڵەکانیان بە کوێ گەیشتووە ڕایگەیاند: تا ئێستا هەشت منداڵی هەڵەبجە دۆزراونەتەوە و هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ قوربانیان و هەمان کاتیش ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە هەوڵەکانی ڕێکخستووە؛ 74 خێزان سکاڵایان تۆمار کردووە کە مناڵیان لێ ون بووە کە داوای 179 مناڵ دەکەن ئەمە قۆناغ بە قۆناغ بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووە بەڵام لە جێگەی ڕەزامەندیی کەس و کاری منداڵە ونبووەکان نییە چوونکە بەڕاستی پڕۆسەکە زۆر بەخاوی دەڕوا و ئەو مناڵانەش کە لە ئێرانن لە ڕێگای بێهزیستییەکانەوە دابەش کراون بەناو خێزانەکاندا و تۆزێک وەرگرتنەوەیان ئەستەمە و دەبێت لەمبارەیەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران زیاتر هاوکاریمان بکات.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەورێکی سەرەکی هەبووە و لەلای ئێمە ئێران دۆست و هاوکارێکی گرینگە، ئێمە تەمەنا دەکەین کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێت و بتوانێت ئەم موحێبەتەی کە لە دڵی ئێمە دروست بووە بە بۆنەی هاوکارییەکانییەوە، بۆ نەوەی داهاتوویش بیهێڵێت و ئەو هەوڵەی بۆ قوربانیانی سەردەشت و شارەکانی ئێرانی دراوە بۆ هەڵەبجەش بیدات چوونکە بەڕاستی هەرچی بەڵگە دوکیۆمێنتی هەڵەبجە هەیە لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
*دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment