هۆشداری له‌ جموجۆڵه‌كانی داعش له‌ نزیک هه‌ولێر ده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێکی کۆمیته‌ی مه‌خمووری یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات که‌ جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش له‌ سنووری قه‌زای مه‌خمووری نزیک شاری هه‌ولێر ڕوو له ‌زیادبوون ده‌كات چوونکه‌ ئه‌و گرووپه‌ چه‌ندین مه‌فره‌زه‌یان پێكهێناوه‌ و داواش ده‌كات هه‌ماهه‌نگیی سێ قۆڵی له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌ و هاوپه‌یمانێتیی نێوده‌وڵه‌تیی دژه‌داعش بۆ له‌ناوبردنیان دروست بكرێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕه‌شاد گه‌ڵاڵی به‌رپرسی كۆمیته‌ی مه‌خمووری یه‌كێتی به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له ‌ئاستی هه‌رێم و به‌غدا دروست بوووه‌، نوێنه‌رانی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی مه‌خموور ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بێت به‌ڵام فیرقه‌ی 14ی سوپای عێراق ده‌یانه‌وێت هه‌ماهه‌نگییێكی سێ قۆڵی له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان دروست بكه‌ن تا كێوماڵی شاخی قه‌ره‌چووخ بكه‌ن بۆ له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی داعش.

ناوبراو وتیشی: "به‌رنامه‌ی دروست كردنی هێزی هاوبه‌ش له‌ سنووری مه‌خموور به‌ مردوویی له‌دایكبوو و ئێستاش هیچ زه‌مینه‌یێكی له‌بار نییه‌ بۆ دروست كردنی هێزی هاوبه‌ش و پێكهێنانی ژووری ئۆپه‌راسیۆن به‌ چاودێریی هاوپه‌یمانان چوونكه‌ ئامانجی سوپای عێراق ته‌نها بۆ كێوماڵی شاخی قه‌ره‌چووخه‌".

به‌رپرسه‌كه‌ی یه‌كێتی هۆشداریشی له‌ زیادبوونی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش دا و ئاشكرای كرد: داعش ئێستا به ‌ئاشكرا خۆیان ده‌رخستوووه‌، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكیشه‌ سه‌ردانی گونده‌كانی سنووری ناحیه‌ی قه‌راجی بناری شاخی قه‌ره‌چووخ ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایێكه ‌و له ‌ڕێگه‌ی مه‌فره‌زه‌ی بچووک بچووكه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانیان ده‌ست پێكردوووه‌، ئه‌گه‌ر به‌مزوانه‌ش سوپای عێراق ده‌ست به‌ جموجۆڵ نه‌كات و هێزی پێشمه‌رگه‌ش به ‌شێوه‌ی ئێستا هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی داعش بكات ئاینده‌ی گونده‌كان باش نابێت و سه‌رجه‌میان چۆڵ ده‌كرێن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52586

Your Comment

You are replying to: .
captcha