ئێران و هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکی 6 خاڵی لەبارەی سنوورەکانەوە واژۆ دەکەن

بەشی کرماشان- هەر دوو فەرماندەی پۆلیسی سەر سنووری قەسرشیرین و سلێمانی لە دەروازەی سنووری پەروێزخان دیداریان کرد و ڕێککەوتنێکی 6 خاڵییان بۆ هاوکاریی زیاتری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان واژۆ کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی چوارشەمە 22ی ڕەشەمە (13ی ئادار)ی 2019 هەر دوو فەرماندەی سنوورەوانیی قەسرشیرین و سلێمانی لە دەروازەی سنووری پەروێزخانی کرماشان دیدار و گفتوگۆیان کرد و لە کۆتاییدا ڕێککەوتنیان لە سەر 6 خاڵی ئەمنی و بازرگانی واژۆ کرد.

پاش دانیشتنەکەی نێوانیان هەردوو فەرماندەی سنوورەوانیی قەسرشیرین و سلێمانی کونفڕانسێکی ڕۆژنامەوانییان بەڕێوە برد و لە پرێس کونفڕاسەکەدا عەمید "حوجەتوڵڵا کەریمی" فەرماندەی سنوورەوانیی قەسرشیرین ڕایگەیاند ئێستا ئەمنییەتی تەواو لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان جێگیرە و پەرەپێدانی هاوکاریی نێوان پۆلیسی سنوور لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان دەبێتە مایەی ئاسایش و ئەمنیەتی زیاتر بۆ هەردوولا.

هەر لە دیدارەکەدا فەرماندەی سنوورەوانیی قەسر شیرین داوای لە لایەنی کوردستانی کردووە کۆنتڕۆڵی ئەمنیی پۆلیسی سنوورەوانیی سلێمانی لە سەر سنوورەکان زیاتر بکرێت و ڕێگە بە قاچاخچی و چەکدار و نەیاران نەدرێت لە سنوورەکانەوە جووڵە بکەن. لە بەر ئەوەی ئەرکی سەرشانی پۆلیسی سنوور پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی هاووڵاتییان و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قاچاخچی و تیرۆریستان و خراپەکاران و ئاسانکاری کردن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانییە.

ناوبراو دووپاتی کردەوە ئەگەر پڕۆتۆکۆلە ئەمنییەکانی سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان سەرنجی زیاتری بخرێتە سەر بێگومان زەمینە بۆ ئاسایش و ئەمنیەتی زیاتر لە هەردوو دیوی سنوورەوە دەڕەخسێنێت.

لای خۆیشیەوە لیوا "فەخرەدین عەبدوڵڵا" فەرماندەی سنوورەوانیی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: ئێران وڵاتی دۆستی ئێمەیە و ئەم دانیشتنانەش بۆ چارە کردنی کێشەکان نییە بەقەدەر ئەوەی بۆ زیاتر پەرەپێدانی هاوکارییەکانە.

لیوا فەخرەدین گوتیشی ئێران و عێراق خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە کە سنوورە هاوبەشەکان یەک لەو خاڵانەن و ئێمەش پێشوازی لە پەرەپێدانی ئەمنیەت و هاوکاریی زیاتر لە بارەی سنوورەکانەوە دەکەین.

شاری قەسرشیرینی سەر بە پارێزگای کرماشان حەشیمەتێکی 27 هەزار کەسی لە خۆ دەگرێت و 186 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و دوو دەروازەی سنووری پەروێزخان و خەسرەوی لە خۆ دەگرێت. سنووری پەروێزخان ساڵی 1386 (2008) کرایە سنووری فەرمی ساڵانە بە ڕێژەی سەدا 54ی هەناردەی نانەوتیی ئێران لەو دوو سنوورەوە ئەنجام دەبێت و بەگشتی ڕێژەیێکی فراوان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ئەو دوو دەروازە سنوورییەوە و زۆرینەی کەلوپەلی هەناردەکراو بۆ کەلار و سلێمانی و مووسڵ و خانقین و کەرکووک دەڕوات.

News Code 52546

Your Comment

You are replying to: .
captcha