ئەحمەد حاجی ڕەشید: نابێت عێراق بکرێتە مەمەڕێک بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئێران

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەحمەد حاجی ڕەشید دەڵێت پێویستە لە پێوەندیی نێوان ئێران و عێراقدا سیادەی عێراق پێشێل نەکرێت و بە هەمان شێوەش عێراق نەکرێتە مەمەڕێک بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

کوردپرێس:

ئەحمەد حاجی ڕەشید نوێنەری پەرلەمانی عێراق لە بارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق بە کوردپرێسی وت: عێراق تا ماوەیێک پێش ئێستاش وڵاتێکی داخراو بوو بەڵام پاش 2003 کە ڕژێمی پێشوو رووخا عێراق بەرەو کرانەوەیێکی باش چوو بەتایبەتی لەگەڵ دراوسێکانی چ کۆماری ئسیلامیی ئێران و چ تورکیاش و چ دەوڵەتانی کەنداویش. بۆیە هاتنی ڕۆحانی بۆ عێراق ئەو دەرگا گەورەیە دەکاتەوە بۆ فەترەیێکی دوور و درێژ ئەم دوو دراوسێ کە مێژوو و جوگرافیا و کولتوور و ئاینی تێکەڵیان هەیە ئەو عیلاقاتانە سەرلەنوێ گەشە ئەکەنەوە بۆیە ئەم مەجالە خۆی بۆ خۆی مەجالێکی گرینگە جگە لەوەی مەسەلەی ئابوورییێکی تێکەڵیان هەیە هەم عێراق بازاڕێکی باشە بۆ ئێران و هەم ئێرانیش دەتوانێت پێویستییاتی بازاڕی عێراق دابین بکات بە هۆی نزیکی لە عێراقەوە کە نزیکەی 1300 کیلۆمەتر مەرزیان پێکەوە هەیە بۆیە سەردانەکەی ڕۆحانی بۆ عێراق لایەنێکی ئیجابیی گەورەی هەیە. لە هەمان کاتدا ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانە دەڕەوێنێتەوە کە بە شێوەیێک لە شێوەکان ئێران مامەڵەیێکی ناتەندروست بکات بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لە ئیتیفاق لەو بۆشاییانەی کە تا ئێستا لە مەرزەکاندا هەبووە کە باس لەوە دەکەن هێزە نەیارەکان دەتوانن لە نێو ئە ومەرزانەدا مامەڵە بکەن. مەسەلەی کۆنتڕۆڵ کردنی مەواد و حەشیش و تلیاک و ئەو شتانە کە ئێستا خەریکە عێراق دەبێتە مەمەڕێک بۆ ئەو مادانە بۆیە بەقەناعەتی من ئەو سەفەرە سەرفەرێکی زۆر بەکەڵک دەبێت.

ناوبراو سەبارەت بە کاریگەریی سەردانەکەی ڕۆحانی لە سەر سەقامگیریی ناوچەکە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: دیارە ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییێکی یەکجار مەترسیدار دەڕوات و ئەو ئاڵۆزیییەش چەند ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە بە هەمان شێوە ڕووبەڕووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش دەبێتەوە بۆیە هەماهەنگیی ئەو دوو وڵاتە لە مەجالی ئەمنیدا زۆر زەروورە بە مەرجێک لە سەر بنەمای پاراستنی سیادەی عێراق و ئێران بکرێت واتا سیادەی عێراق پێشێل نەکرێت و بە هەمان شێوەش عێراق نەکرێتە مەمەڕێک بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

عێراق هاوکات پێوەندیی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا هەیە. لە لایێکی دیکەشەوە بەغدا بۆ پێبەندبوون لە گەمارۆکانی ئەمریکا لە سەر ئێران زەختی لەسەرە. ئەحمەد حاجی ڕەشید لە بارەی سیاسەت و نەخشەڕێگای عێراق بۆ چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: عێراق لە قۆناغێکدا نییە کە بتوانێت بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەپارێزێت یان خود دژایەتیی بڕیارەکانی ئەمریکا بکات کە واتە دەبێت کۆماری ئیسلامیی ئێران موراعاتی ئەو واقیعەی عێراق بکات کە ڕۆژێک لە ڕۆژان عێراقییەکان کە دەرچوون لە ژێر ستەمی ڕژێمی بەعس ئەمریکا هاوکاریان بوو بۆیە ئەگەر ئەم واقیعەش ڕچاو بکرێت خاڵی دووهەم ئەوەیە کە عێراق تەنیا پێویستی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە بەڵکوو پێویستی بە تەواوی جیهانە. ئەمریکاش وڵاتێکی زلهێزی جیهانییە بۆیە عێراق لازمە لە سەری تەوازون بپارێزێت لە نێوان ئێران و ئەمریکا.

ئەحمەد حاجی ڕەشید لە بارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی نێوەندگیریی ئێران لە نێوان هەولێر و بەغدا بە کوردپرێسی وت: بە دڵنیایییەوە ئێران ڕۆڵی کاریگەری هەیە لەوەی کە یەکپارچەییی عێراق بپارێزرێت و ببێتە خاڵێک کە نێوەندگیری لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراق بکات. ئەوەمان بیر نەچێت کە تەواوی هێزە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش پێوەندییێکی پتەویان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە چ لە مەرحەلەی موعارەزەبوونیاندا و چ لەو قۆناغەشدا کە دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست. بۆیە ئێران کاریگەریی ئیجابیی لە سەر سازانی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیش هەیە.

News Code 52535

Your Comment

You are replying to: .
captcha