بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسینگەی راگەیاندنی هاوسەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیی کرد لە ماتی لاسیلا، باڵیۆزی فینلاند لە عێراق، لە دیدارێکدا تاوتوێی دواین پەرەسەندنە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێم کرا.
ئەوەش هاتووە، تاڵەبانی وێڕای ئاماژەدان بە پێشھاتە سیاسییەکان و ھەنگاوەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، ھەڵوەستەیکرد لەسەر سیاسەتی یەکێتی و رونیکردەوە کاتێک "دەڵێین حکومەتی خزمەتگوزار و تەوافق لەسەر بنەمای شەراکەت و ھاوبەشێتی راستەقینە، لەپێناو سەقامگیری سیاسی، ئابوری، ئەمنی و خوشگوزەرانی زیاترە لە وڵات، نەک ئەوەی سیاسەتی پەراوێزخستن و سەپاندنی زۆرینە بکرێتە بنەما، کە لەم ھەلومەرجەدا ئەم جۆرە بیرکردنەوە و ھەنگاوانە دۆخی عێراق و ھەرێم بەرەو ئاڵۆزی دەبات و بەربەست و رێگرییەکانیش زۆرتر دەبن لە بەردەم چاکسازی و خزمەتکردندا."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "وەک کوردیش بۆ کۆی پرسەکان لەگەڵ یەکڕیزی کوردستانین و نامانەوێت لە دەرەوەی بەرەی نیشتمانیی ھیچ ھەنگاوێک بنێین، بەڵام کاتێک لە دەرەوەی ئیرادەی نەتەوەیی و بەرژەوەندی گشتی رێککەوتن بکرێت، یەکێتیش خاوەنی ستراتیژی خۆی دەبێت و پەنا بۆ رێگا چارەی تر دەبات کە بەدڵنییایەوە ھەر ھەنگاوێکیش بنێین بەرژەوەندی گشتی تێدا دەپارێزرێت و پاراستنی مافی میللەتەکەمان لەسەرو ھەمو پۆست و ئیمتیازاتێکەوە دەبینین."
نوسینگەی راگەیاندنی تاڵەبانی دەڵێت، ھەر لە دیدارەکەدا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە جەنگی روبەڕوبونەوەی تیرۆر کرا و ھاریکار و ھاوکاری نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە فاکتەری ئارامی و ئاسایشی زیاتر لە قەڵەم درا.
Your Comment