بەپێی هەواڵی کوردپرێس پەرویز ئیسماعیلی ڕاوێژکاری میدیاییی سەرۆککۆماری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ڕایگەیاند: دەستکەوتێکی گرینگی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق ئاشکرا بووە و بەبو پێیەش لە ناوەڕاستی مانگی خاکەلێوە (نیسان)ەوە ڤیزەی نێوان ئێران و عێراق بۆ گەشتیاران و زیارەتکارانی هەردوو وڵات بە خۆڕایی دەردەکرێت.
ئیسماعیلی لە تویتەکەی خۆیدا نووسیوەتی هەردوو لایەنی ئێران و عێراقی کۆک بوون لە سەر ئەوەی ڤیزە بۆ گەشتیار و زیارەتکارە ئێرانی و عێراقییەکان بە خۆڕایی بێت و ئەوەش لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەست پێدەکات.
ناوبراو هەر لە تویتەکەیدا ئەوەشی زیاد کردووە کە هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق ڕێککەوتوون لە سەر دەستپێکردنی پڕۆژەی هێڵی ئاسنی بەسرە ئەوەش وەکوو دەستکەوتێکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێران بۆ عێراق.
شایانی باسە ئەمڕۆ دووشەمە 11ی ئاداری 2019 بەرانبەر بە 20ی ڕەشەمەی 1397 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران بە بانگهێشتی بەرپرسانی باڵای عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدای پێتەختی عێراق و بڕیارە لەو سەردانەیدا کە ماوەی سێ ڕۆژ دەخایەنێت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی فیدراڵی عێراق و ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دیدار و کۆبوونەوەی هەبێت و لە یەکەم دیداریشدا لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق کۆ بوویەوە و پاش کۆبوونەوەکەش کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانییان بەڕێوە برد.
Your Comment