کوردپرێس:
هادی عامری لە وتەیێکدا لە کەرنەڤاڵی "ڕۆژی شەهید"دا کە لە لایەن گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەقەوە ڕێکخرابوو ڕایگەیاند "دەستوەردانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاروباری کەرکووکدا ئاشکرایە، بەڵام کێشە ئیدارییەکانی پارێزگاکە چارەسەر نابێت تەنها لەڕێگەی پێکهاتەکانییەوە نەبێت".
ناوبراو داواشی لە سەرکردەی هێزە ئەمنییەکان کرد وریا و هۆشیار بن و بەردەوام بن لە ئۆپراسیۆنەکانیان و ئەنجامدانی گەڕان و پشکنین.
ئەو وتانەی هادی عامری دەربارەی بارودۆخی شاری کەرکووک لە کاتێکدایە، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژ سێشەممە (٥ ی ئازاری ٢٠١٩) لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی خۆیدا کە دوای کۆبوونەوەی کابینەی حکوومەتەکەی سازی کرد، ئاماژەی بە کێشەکانی پارێزگای کەرکووک کرد و ڕایگەیاند "پێویستە چارەسەری بنەرەتی بۆ کێشەی کەرکووک بدۆزرێتەوە".
ئەو وتانەی هادی عامری و سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئیدارەی شاری کەرکووک لە لایەن پارێزگارێکی کاتییەوە بەڕێوە دەبرێت و ئیدارەی ئەمنیی شارەکەش لە لایەن حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدراڵییەوە بەڕێوەدەبرێت.
Your Comment