حكوومەتی هەرێم: لەم مانگەوە پاشەکەوتی مووچە هەڵدەگیرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەبارەی هەڵگرتنی پاشکەوتی مووچە رایگەیاند: "لەم مانگەوە بڕیاری پاشکەوتی مووچە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەگیرێت و مووچە وەکوو خۆی بە تەواوەتی دابەش دەکرێت".

کوردپرێس:

پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 8-3-2019 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، كۆبوەوە و لە پاش كۆبونەوەكەش راگەیەندراوێك بڵاو كرایەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "كارنامەی كۆبوونەوە بریتی بوو لە گفتوگۆكردن و بڕیاردان لەسەر بڕیارێكی پێشووتری ئەنجومەنی وەزیران كە بڕیاری ژمارە 64ی 2-3-2016 تایبەت بە پاشەكەوتكردنی ڕێژەیێک لە شایستە داراییەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بوو".

هەروەها ئاماژە بەوەدراوە "لە كۆبوونەوەكەدا رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری ڕاپۆرتێكی دەر‌بارەی دۆخی ئابووری و دارایی هەرێمی كوردستان و باشتربوونی باری دارایی و جێگیركردن و خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە یاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2019 خستە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران، دواتر د.ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتێكی یاسایی لەمبارەیەوە خستەبەردەم ئەنجومەن‌ و هەردوو راپۆرتەكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە ووردی راگۆڕینەوە و گفتوگۆی لەسەر كرا، ئینجا ئەنجومەن بڕیاری دا".

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە بە:

1-هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 64ی ئەنجومەنی وەزیران لە 3-2-2016 تایبەت بە پەیڕەوكردنی سیستەمی پاشەكەوتكردنی رێژەیەك لە شایستە داراییەكانی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.

2-سەبارەت بەو رێژە شایستە داراییەی موچەخۆران كە پاشەكەوت كراوە، بەناوی (امانات رواتب مستحقە) حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی پێویست دەدات بۆ خەرجكردنەوەی ئەو شایستە داراییانە بۆ موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدرالیدا.

3-وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە جێبەجێ دەكەن و لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاودەكرێتەوە"

بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەت كراوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ و دانوستانی جددی لەگەڵ حكومەتی فیدرالی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕیشەیی سەبارەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكانی پەیوەندیدار بە دارایی و نەوت لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرالی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا بە راسپاردنی ئەنجومەنی هەرێمی بۆ كاروباری نەوت و گاز بەمەبەستی هەرچی زوو دەستپێكردنی ئەم گفتوگۆ و دانوستانانە.

دوای كۆبوونەوەكەش نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیارەكانەوە لێدوانێكی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دا و تیایدا مژدەی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی پاشەكەوتی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی راگەیاند، هەروەها پوختەیەكیشی دەربارەی ئەو هۆكارانە خستەڕوو، كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیان ناچار كرد سیستمی پاشكەوتی موچە پەیڕەو بكات و بە قورسترین و دژوارترین بڕیاری حكومەتی هەرێمی ناساند و لەمبارەیەوە سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەتی موچەخۆران، هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ، بەڵێندەر، خاوەنكار، وەبەرهێنەران و كاسبكارانی كرد بۆ بەرگەگرتنیان و تێگەیشتنیان بۆ دۆخی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان. سەری ڕێز و نەوازشی بۆ شەهیدانی شەڕی دژی داعش دانەواند كە لەوكاتە سەختەدا تا شەهیدبوون سەنگەرەكانیان چۆڵ نەكرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

هەروەها بەتایبەت سوپاسی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق، فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق، رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان، ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی خولی ئێستای پەرلەمانی عیراقی كرد بۆ هەوڵ و ماندوبوونیان بەمەبەستی دابینكردنی مافە داراییەكانی هەرێمی كوردستان. هیوای خواست هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەكانی لەگەڵ بەغدا بگاتە ئەنجامێكی باش بە شێوەیەك جارێكی دیكە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان باجی هیچ كێشەیێكی سیاسی نەدەن و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستان وەك كارتێكی سیاسی بەكارنەهێنرێت.

News Code 52420

Your Comment

You are replying to: .
captcha