به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ماوه‌یێکه ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا بابه‌تی "کوردستان" دژ به پارتی دیموکراتی گه‌لان به‌کار ده‌هێنێت و هاوسه‌رۆکانی ئه‌و حیزبه‌ش کاردانه‌وه‌یان به لێدوانه‌کانی ناوبراو پیشان داوه و سه‌رکۆماری تورکیا جارێکی‌تر له میتینگی هه‌ڵبژاردنی حیزبه‌که‌ی له مالاتیا ڕوو له سه‌زایی ته‌مه‌لی هاوسه‌رۆکی هه‌ده‌په گوتی: ئه‌م هاوسه‌رۆکه چی ده‌ڵێت؟ له کوردستان ئێمه سه‌رده‌که‌وین. له ڕۆژئاواش پارتی داد و گه‌شه (AKP) و پارتی بزاڤی نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ست (MHP) له‌ناو ده‌به‌ین. مه‌گه‌ر شوێنێک له تورکیا به ناوی کوردستان هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر کوردستانتان خۆش ده‌وێ ون بن و بۆ باکووری عێراق بڕۆن.
ناوبراو له درێژه‌ی لێدوانه‌کانیدا گوتیشی: له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا تۆمه‌تێکیان خستۆته پاڵ من که ئه‌مه‌یه؛ "ئه‌ردۆغان به‌وانه ده‌ڵێت تیرۆریست كه ده‌نگ به هه‌ده‌په ده‌ده‌ن." من له هیچ شوێنێک شتی وام نه‌گوتوووه، به‌ڵام (ئه‌ی) ئه‌وانه‌ی له سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و پارته‌ن ئێوه تیرۆریستن چوونكه ئێوه پشتگیری ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌تان كرد و به‌رده‌وامیشن له‌وه و ئێوه بوون ئه‌و پارانه‌تان ده‌نارد بۆ قه‌ندیل كه بۆ شاره‌وانییه‌كانتان ده‌نێردرا. بۆچی ئه‌وانه ڕاده‌ستی قه‌یووم كرا، بۆچی دادگا ئه‌و بڕیاره‌ی دا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه بوو. له‌مه‌ودواش ئه‌گه‌ر هه‌مان شت ڕوو بداته‌وه من باوه‌ڕم وایه كه دادگاكه‌مان هه‌مان بڕیار ده‌داته‌وه".
سه‌رکۆماری تورکیا سه‌باره‌ت به هاوپه‌یمانیی میلله‌ت ڕاشی‌گه‌یاند: "ئه‌م هاوپه‌یمانییه هاوپه‌یمانیی پیلانگێڕان سه‌باره‌ت به داهاتووی گه‌ل، ڕه‌شکردنی ئاینده‌ی تورکیا، دابڕینی وڵاته‌که‌مان له ده‌ستکه‌وته‌کانی له سووریا و زاڵکردنه‌وه‌ی ڕێکخراوه تیرۆریستییه‌کانه به سه‌رماندا. ئه‌م هاوپه‌یمانییه هاوپه‌یمانیی داڕووخانه".
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ریی هابر 7
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment