ڕۆحانی: ئایەتوڵڵا خامنەیی پێی وتم ئێران لە جەنگدایە و تۆ فەرماندەی ئەم جەنگەی

بەشی ئێران/ کوردی- حەسەن ڕۆحانی لە وتارێکدا وتوویەتی ئێستا ئێران لە شەڕێکی ئابووریدایە و ڕێبەری باڵای ئێرانیش سەرۆککۆمار بە فەرماندەی ئەم شەڕە دەزانێت.

کوردپرێس:

حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران ئەمڕۆ چوارشەمە 6ی ئازاری 2019 بەرانبەر بە 15ی ڕەشەمەی 1397 لە شاری لاهیجان وتارێکی پێشکەش کرد و لەو وتارەدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئابووریی ئێران و ڕایگەیاند ئێستا وڵاتی ئێران لە دۆخی جەنگدایە و ئەم جەنگەش پێویستی بە فەرماندەیێک هەیە کە هەموو تەشک و لایەن و دامودەزگاکان فەرمانی لێ وەربگرن.

ڕۆحانی لە درێژەی وتەکانیدا ڕایگەیاند: "من چەندین جار لە دانیشتنی دوو بەدوو و لەو دانیشتنانەشدا کە بەرپرسانی حکوومی ئامادەی بوون بە ڕێبەری باڵای ئێرانم وتووە کە ئێستا ئێمە لە جەنگێکداین و ئەم جەنگەش پێویستی بە فەرماندەیێک هەیە کە هەموو لایەنەکان فەرمانی لێ وەربگرن. من پێشنیازم کردووە کە ڕێبەری باڵای ئێران خۆی فەرماندەییی ئەم شەڕە بکات و نەخشەڕێگاکان دابڕێژێت."

سەرۆککۆماری ئێران گوتیشی: ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە وەڵامی ئەو قسانەدا وتوویەتی: "بەڵێ ڕاستە ئێمە لە شەڕداین و ئەم شەڕەش پێویستی بە فەرماندە هەیە بەڵام دەبێت سەرۆککۆمار فەرماندەی ئەم شەڕە بێت بۆیە بە قەناعەتی من تۆ فەرماندەی ئەم شەڕەیت."

پاش کشانەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک گەمارۆ ئابوورییەکان گەڕایەوە سەر ئێران و ئەوەش کۆمەڵێک کێشەی داراییی لە ئێران دروست کردووە ڕێژەی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی دراوەکان و کێشەی فرۆشتنی نەوت بوونەتە قەیرانی ئابووری کە تاران دەبێت بە ڕاوێژ لێی دەرباز بێت و لایەنی دەوڵەتیش ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت کە وەکوو پێویست چارەی گونجاوی بۆ کێشەکان نەدۆزیوەتەوە.

News Code 52363

Your Comment

You are replying to: .
captcha