کوردپرێس:
پاش دیدار و ڕاگۆڕینەوەی زۆر هەردوو حیزبی باڵادەستی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەمە 4ی ئاداری 2019 رێککەوتنی نێوانیان بە ئامادەبوونی هەریەکە لە نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ڕێککەوتنی نێوان ئەو دوو حزبە سەبارەت بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک و بەغدا ئیمزا کرا.
دواتریش لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا هەریەکە لە مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەکێتی ئامادەی بوون، وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، لە ڕێککەوتنەکەدا پرسی پارێزگاری کەرکووک یەکلایی کراوەتەوە.
وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە كە پارتی و یەكێتی رێككەوتنی سیاسی ئیمزا دەكەن كە ئامانج لێی خەمی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد و رەنگدانەوەی بەهێزی پەیوەندیی دوو قۆڵییەكەمانە تا پێكەوە حكومڕانیی وڵات بكەین كە لە ئاست خواستی خەڵك بێت.
ناوبراو وتیشی: خەڵك چاوەڕێی پێكهێنانی حكوومەت بوون، رێككەوتن كرا و ئیمزاش كرا، رێككەوتنەكەش زیاتر بۆ یەكڕیز و تەبایی و پاراستنی نیشتمانی و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و باشتركردنی بژێوی ژیانی خەڵكە.
وتەبێژی پارتی راشیگەیاند: هەوڵەكان بۆ ئەوەیە بەپاڵپشتیی هەموو لایێک حكوومەتێكی بەهێز پێكبهێنرێت و لەگەڵ بەغدا كێشەكان چارەسەر بكرێن.
ناوبراو ئەوەشی وت: رێككەوتنەكە دەبێت بۆ هەموو ئۆرگان و ئاستەكانی خوارەوە شۆڕبكرێتەوەو ئارامی دروستب كات.
مەحموود محەمەد وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، دواى جێبەجێکردنى، ڕێککەوتنەکە بۆ خەڵک ڕوون دەکرێتەوە.
هاوکات وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، کۆمسیۆنێک بۆ بەدواداچوونى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە دروست دەکرێت.
لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی رەسمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پێكەوە توانیمان رووداوێكی گەورەی مێژوویی دروست بكەین.
وتیشی: رێككەوتنی ستراتیجی كە پێشتر لەنێوان یەكێتی و پارتی ئیمزا كرابوو، سەرەڕای رەخنەكان توانیی پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن دروست بكات و شەڕی ناوخۆ كۆتایی پێبهنێت.
ئەوەشی وت: بەپێی رێككەوتنەكە پەلە لەپێكهێنانی حكوومەتی هەرێم دەكرێت و بەهاوكاریی یەكتر تەواوی بەندەكانی جێبەجێ بكەین.
هەر لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسییەکەدا وتەبێژى یەکێتى جەختی کردەوە، ڕێککەوتنى نێوانیان گرنگە بەڵام عیبرەت لە جێبەجێکردنیدایە.
سەرەڕای چەندین کۆبوونەوەی نێوانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم، یەکێتی و پارتی نەگەیشتن بە رێککەوتن و (١٨ی شوباتی ٢٠١٩)ش بەبێ بەشداری­کردنی فراکسیۆنی یەکێتی، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەمەش هێندەی دیکە ئاڵۆزیی خستە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولاوە و پاش هەوڵێکی زۆریش، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر هەردوو حزب رێککەوتنی نێوانیان ئیمزا کرد.
Your Comment