تارق هاشمى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- میدیاکانی عێراق باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی تارق هاشمی و سێ سه‌رکرده‌ی سوننه‌ له‌ تورکیاوه‌ بۆ عێراق ده‌که‌ن.

کوردپرێس:

که‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنیی شه‌رقیه‌نیووز به ‌پشت به‌ستن به‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یێکى زانیارى که‌ ناوه‌کانیان نه‌درکاندووه‌ بڵاوی کردۆته‌وه‌ که‌ ڕێوشوێنى پێویست گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى تارق هاشمى جێگرى پێشووترى جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆککۆمارى کۆچکردووی عێراق و سێ سه‌رکرده‌ى دیارى سوننه‌کان بۆ عێراق.

به‌پێی گفتوگۆی نێوان سه‌رکرده‌ باڵاکانی عێراق و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، تارق هاشمی و سێ سه‌رکرده‌ى دیکه‌ى سوننه‌کان واتا ڕافع عیساوى وه‌زیرى داراییی پێشووترى عێراق و ئه‌سیل نوجه‌یفى پارێزگارى پێشووترى نه‌ینه‌وا و عه‌لى حاته‌م سه‌رکرده‌یێکى سوننه‌کان ده‌توانن له‌ هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق.

به‌پێى ڕاپۆرته‌که‌، پێشتر تارق هاشمى و سێ سه‌رکرده‌ى دیکه‌ى سوننه‌کان به "‌هۆکارى سیاسی" و له‌ كاتی ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ نووری مالیكی سه‌رۆک وه‌زیرانی پێشووی عێراق تۆمه‌تی تیرۆریان خرایه‌ پاڵ و به ‌ناچارى عێراقیان به‌جێهێشت.

تارق هاشمی پێش له‌ به‌جێهێشتنی عێراق په‌نای بۆ هه‌رێمی کوردستان برد و سه‌رکرده‌ کورده‌کان پشتیوانییان لێکرد و ئه‌و بابه‌ته‌ش ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ناکۆکییه‌کانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ نووری مالیکی لێکه‌وته‌وه‌.

هاشمی له‌ ساڵی 2012 به‌ ناچاری عێراقی به‌ره‌و تورکیا به‌جێهێشت و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ڕه‌ت کرده‌وه‌ که‌ خرابوویه‌ پاڵ و له‌ وته‌یێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ دادگایی کردنه‌که‌ی سیاسییه‌.

دادگه‌ی باڵای تاوانه‌کانی عێراق له‌ سێ دانیشتندا که‌ به‌ غیابى ئه‌نجام درا تاریق هاشمى به‌ تۆمه‌تى "کوشتنى هاووڵاتییانى مه‌ده‌نى و تیرۆر" به‌ تاوانبار ناساند و سزاى له‌سێداره‌دانى بۆ ده‌رکرد.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52250

Your Comment

You are replying to: .
captcha