هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم لە پەرلەمانی کوردستان دەست پێدەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لە هەفتەی داهاتووەوە پەرلەمانی كوردستان دەست بە هەنگاوەكانی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم دەكات ‌و (سبەی) ناوەرۆكی ئەو هەنگاوانە ئاشكرا دەكات، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕانیش دەڵێت: فراكسیۆنەكەیان پڕۆژەیێكی گشتگیری ئامادە كردووە كە تێیدا سەرۆك لەپەرلەمانەوە هەڵدەبژێردێت ‌و لەگەڵ نووسینەوەی دەستووریشدا، دەسەڵاتەكانی سەرۆك هەموار دەكرێنەوە.

کوردپرێس:

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی فراكسۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بە (سبەی) راگەیاند؛ فراكسیۆنەكەیان پرۆژەیێكی گشتگیری بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی ئامادە كردووە کە گرنگترینیان هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمە لە رێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە.

بە وتەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان هەر لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا چەندین یاسای گرنگ پەیوەست بە ژیان ‌و گوزەرانی هاووڵاتییان‌ و فەرمانبەرانەوە ئامادە كراوە.

پێشتریش پێشەوا هەورامانی نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بێ ئەنجام بوونی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بە کوردپرێسی وتبوو: هەوڵەکان بێ ئەنجام نەبوون و گفتوگۆکان ئێستا بەردەوامیی هەیە و پشت بە خودا بەم زووانە دەگەنە ڕێککەوتن. لە کۆتاییدا ئامانجی هەردوولا ئەوەیە کە ڕێکبکەون بۆیە تا ئێستا گفتوگۆکان کۆتایی نەهاتووە و هێشتا درێژەی هەیە.

نوێنەرەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بەبێ ئامادەبوونی یەکێتیی نیشتمانی وتی: ئەو هەوڵە هیچ پەیامێکی نییە، ئەم پۆستە پۆستی یەکێتییە و کەی ئەوان بچنەوە پەرلەمان ئەو کەسەی پارتی دەست لەکار ئەکێشێتەوە و پۆستەکە ئەدرێتەوە بە یەکێتی.

پێشەوا هەورامانی زیادی دەکات ئەولەویەتی فراکسیۆنی پارتی دیموکرات هەموار کردنی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمە و دوای ئەوەش ئەوەی کە بۆ ئێمە زۆر گرینگە بابەتی مووچەیە و ئەگەر ئەو بودجەیە کە بەغدا تەرخانی کردووە ڕادەست بکرێت کار بۆ لابردنی پاشەکەوتی مووچە دەکەین.

ناوبراو لەباەری ڕێککەوتنی ئەم دواییەی پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان وتی: سەقامگیریی دۆخی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان دێتەدی بۆیە هەر لایەنێک لێکتر نزیک ببنەوە ئەمە کارێکی باشە و زۆر گرینگە کە دۆخی سیاسی بە جۆرێک ئارام ببێتەوە و خەڵک پێویستیی بەم کەشە هەیە کە لایەنەکان ناکۆک نەبن.

ناوبراو هەوڵی پارتی-ی بۆ پەراوێز خستنی یەکێتی بە ڕێککەوتن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ڕەت کردەوە وتی: ئەگەر بەمجۆرە ببوایە پارتی خەریکی دانووستان نەدەبوو لەگەڵ یەکێتی، پارتی لەگەڵ یەکێتی دەرگای کردۆتەوە بۆ ئەوەی دانووستان بکەن، یەکێتی شەریکی پارتییە و لە هیچ کاتێکدا دۆخەکە بەبێ یەکێتی سەقامگیر نابێت.

ئەم هەواڵەش بخوێنەوە: http://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=44250

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 52234

Your Comment

You are replying to: .
captcha