بەپێی هەواڵی کوردپرێس وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بەیاننامەیێکی بڵاو کردۆتەوە وتێیدا نووسیویەتی ڕۆژی 26ی شوباتی 2019 میخاییل بوگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لەگەڵ کوردەکانی سووریا لە مۆسکۆ کۆ بووەتەوە.
بە گوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لەو دیدارەدا بە شەفافی هەلومەرجی ئێستای سووریا باس کراوە و هەردوو لا کۆک بوون لە سەر زەروورەتی پارێزگاری کردن لە یەکپارچەیی و سەروەریی خاکی ئەو وڵاتە لە پێناو چارەکردنی قەیرانەکان.
هەر بە پێی بەیاننامەکە، بوگدانۆڤ جەختی کردۆتە سەر زەروورەتی بەشداری پێکردنی کورد و هەموو ئەتنیک و ئایینزاکانی دیکەی سووریا لە پڕۆسەی سیاسیی ئەو وڵاتە.
کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسیی کوردی سووریا بەشداریی ئەو دیدارەیان کردبوو کە هەندێکیان بریتی بوون لەمانەی خوارەوە: سەڵاحەدین مەلا،سەڵاح دەروێش، ئەحمەد عەلی و ئەکرەم عانن.
Your Comment