٢٧ شوبات ٢٠١٩ - ٠٩:٣٤
شنگال شارە فەرامۆش­کراوەکە

بەشی جیهان- چوار ساڵ بە سەر ئازادکرانی شنگالدا تێدەپەڕێت بەڵام ئێستاش ژمارەیێکی کەم لە ئاوارەکان گەڕاونەتەوە ئەو شارە. هاووڵاتییانی قەزانی شنگال لەبەر ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە سەر ئیدارەی شارەکە، حەز بە گەڕانەوە ناکەن.

کوردپرێس:

قەزای شنگال و گوندەکانی دەوروبەری کە هەموویان ئێزدی نشینن هاوینی ساڵی 2014 کەوتە بەر پەلاماری تیرۆریستانی داعش. ئەو گرووپە تیرۆریستییە ژن و کچی ئێزدیی بە کەنیزی برد و پیاوانی کوشت و منداڵەکانیشی ناردە کەمپەکانی داعش بۆ ئەوەی مەشقیان پێبکات و بیانباتە ڕیزەکانی خۆیەوە.

هێزە کوردییەکان پاش یەک ساڵ، ڕێکەوتی تشرینی دووهەمی 2015 شنگالیان لە بندەست تیرۆریستانی داعش ئازاد کرد بەڵام شنگال چیتر ئەو شنگالەی ئێزدییەکان نەبوو. ئەو قەزایە بە تەواوەتی خاپوور کرابوو.

ئێستاش خەساری سەرەکی لە شنگال جگە لە وێرانی ئەوەیە کە قەزای شنگال بۆتە مەکۆ گردبوونەوەی زۆر هێزی جیاواز کە بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە. پەکەکە پاش کەوتنی شنگال دەستی کردبوو بە یەکخستنی میلیشیایێکی کورد و شوێن پێی خۆی لە شنگال پتەو کردۆتەوە. تورکیا چەندین جار هەوڵی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی پەکەکەی لەو ناوچەیە داوە تەنانەت هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە هێرشی سەربازی دەکاتە سەر شنگال. هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش لە نزیک ناوچەکە جێگیر کراوە و بوونی پەکەکە لەو ناوچەیە بۆتە یەکێک لە سەرەکیترین ململانێکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و پەکەکە. جەیشی عێراقییش ساڵی 2017 پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان پێشمەرگەی لەو ناوچەیە دەرکرد و هێزی جووڵاند و ئێستا جەیشی عێراقی سێهەم هێزی جێگیرکراو لە شنگالە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆتێکدا ئاماژەی بە دۆخی ئێستای شنگال کردووە و نووسیویەتی: ئەگەرچی سێ ساڵە شنگال ئازاد کراوە بەڵام ئێستاش دیمەنی بەرچاو لە شارەکەدا شەقامی داخراو و بینا و دووکانی ڕووخاو و بۆمبە چێنراوەکانی داعشە.

ڕۆیتەرز نووسیویەتی لە شنگال ئاو و کارەبا دەست ناکەوێت و ئەگەر بریندار یان نەخۆشێک لە شارەکەدا ببێ ناچارن لانی کەم 45 خولەک بە ئوتومبێل بڕۆن تا دەگەنە نزیکترین خەستەخانە و تەنیا دو سێ قوتابخانەش لە شارەکەدا دەوام دەکەن.

ڕۆیتەرز هەر لە وەسفی شاری شنگالدا نووسیویەتی: ڕاستە کەلاوە و بینای ڕووخاو لە شنگال یەکجار زۆرن بەڵام کێشەی سەرەکی لە شنگال ناکۆکیی نێوان سێ هێزی جێگیرکراو لە شنگالە کە بریتین لە پەکەکە و پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جەیشی عێراقی.

ئیبراهیم مەحموود عەزۆ هاووڵاتیی کوردی ئێزدی کە لەدایکبووی شنگالە و خاوەنی دەیان دووکانی ڕووخاوی ئەو شارەیە بە ڕۆیتەرزی وتووە شنگال نە شارەوانی هەیە و نە ئەنجومەنی شاریش. شنگال بۆتە کەلاوە و هاووڵاتییانی شنگال ساڵانە چەندین ملیار دینار ماڵ و سامانیان بە فیڕۆ دەچێت و نازانن تەگبیریان چییە.

دانیشتووانی شنگال دەڵێن حکوومەتی هەرێم و دەوڵەتی ناوەند بەرپرسیارن لەو ئاڵۆزییەی شنگال لە بەر ئەوەی هیچ لەو دوو لایەنە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە هەست بەرپرسیارێتی ناکەن.

ڕێکخراوە مەدەنی و خێرخوازییەکان دەڵێن شنگال پێش ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی داعش ببێتەوە 100 هەزار کەس حەشیمەتی لە خۆ گرتبوو بەڵام ئێستا تەنیا یەک لە سەر چواری ئەو هاووڵاتییانە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. خەڵکێک کەم حەز بە گەڕانەوە دەکەن هۆکارەکەش ئەویە هێزەکانی لە نێو شنگال جیاوازن و لەگەڵ یەکیش ناکۆکن و زەمینە بۆ ژیانی ئاشتییانە لەو شارەدا نەرەخساوە.

ئیبراهیم عەزۆ بە ڕزیتەرزی وتووە: ئێرە پەکەکەی لێیە پۆلیسی لێیە. حەشدی شەعبیی لێیە و سوپای عێراقیشی لێیە. ئێمە لەم دۆخەی شنگال تێناگەین.

دیندار زێباری، ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له ‌حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت هۆکاری دەستپێنەکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی شنگال ئەوەیە ڕێکخراو یان دەزگای دەستئاوەڵا لە شنگالدا نییە.

دیندار زێباری دەشڵێت نە بەرپرسی فەرمی لە شنگال هەیە و نە هێزی فەرمیشی لێیە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان شنگالی ئیهمال نەکردووە بەڵام پێویستە دەوڵەتی ناوەندیی عێراق ئیدارەی شارەکە لەگەڵ پێشمەرگە بەش بکات و حەشدی شەعبی لەو شارە بکاتە دەرەوە.

بەپێی نووسراوەکەی ڕۆیتەرز، پەکەکە لە دەرەوەی شاری شنگال گۆڕستانێکی بۆ مردووەکانی خۆی دروست کردووە و وتوویەتی نیازی نییە ئەو شارە چۆڵ بکات لە بەر ئەوەی ئەگەر هەیە دوبارە داعش بگەڕێتەوە.

قاسم شەشۆ فەرماندەی هێزە ئێزدییەکانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش حەز بە بوونی هێزی دیکە لە شنگال ناکات و ئەو بابەتە وەڕەزی کردووە و دەڵێت ئەو هێزانە بێگانەن و ئەگەر هەیە ببنە هۆکار بۆ سەرهەڵدانەوەی دوبارەی داعش.

News Code 52181

Your Comment

You are replying to: .
captcha