به‌رهه‌م ساڵح: عێراق حەز بە بۆنیاتنانی شەراکەتی ڕاستەقینە لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ پاریس سه‌رۆک كۆماری عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا كۆ بوووه‌وه‌ و باسی له‌وه‌ کرد که‌ عێراق خوازیاره‌ هاوبه‌شییێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی جیهان بنیاد بنێت بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری وڵاته‌كه‌ی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ی شوباتی 2019 نووسینگه‌ی سه‌رۆک کۆماری عێراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ د. به‌رهه‌م ساڵح له‌ میانی دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ جان ئێف لۆدریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسادا جه‌ختی له‌ گرنگیی بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات كرده‌وه‌ و ئاماژه‌شی دا به‌وه‌ی عێراق خوازیاره‌ هاوبه‌شییێكی ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسا و وڵاتانی جیهان بنیاد بنێت بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ی كه‌رتی ئابووری وڵاته‌كه‌ی.

سه‌رۆک کۆماری عێراق ستایشی ڕۆڵی ئه‌رێنیی یه‌كێتیی ئه‌رووپا و هاوكاری كردنی حكوومه‌تی عێراقی كرد و ڕای‌گه‌یاند که‌ خوازیارن هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ بواره‌كانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی له‌ نێوانیاندا هه‌بێت.

لای خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا په‌رۆشی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ به‌رده‌وام بوون له‌ پشتیوانی كردنی عێراق.

سه‌رچاوه‌: سۆمه‌ریه‌ نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 52174

Your Comment

You are replying to: .
captcha