"ناشوێن"ی بەختیار عەلی بە دوو هەفتە لە چاپی دووهەم دەدرێت

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دوای دوو هەفتە لە بڵاوبوونەوەی چاپی یەکەمی، بەم زووانە نوێترین کتێبی بەختیار عەلی بەناوی "ناشوێن" چاپ دەکرێتەوە.

کوردپرێس:

ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند لەبارەی چاپکردنەوەی کتێبی "ناشوێن"ەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لەئێستادا لەسەر داواكاریی خوێنەران و كتێبخانەكان، كتێبی "ناشوێن" لەسەر ئەركی نووسەر بەختیار عەلی چاپی دووه‌می‌ دەكرێتەوە و لەلایەن ناوەندی ڕەھەندەوە دابەش دەكرێت.

لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی چاپی نوێی کتیێبی "ناشوێن"ەوە ناوەندەکە ئەوەی راگەیاندووە کە بەم زووانە چاپی دووەمی كتێبی «ناشوێن»ی بەختیار عەلی بڵاو دەكرێتەوە.

ڕۆژی ٨ و ٩ی شوباتی ٢٠١٩ ھەردوو كتێبی "دەریاس و لاشەكان" و "ناشوێن"ی بەختیار عەلی بەئامادەبوونی نوسەر و ڕۆمانووس بەختیار عەلی و بەواژۆی خۆیەوە لەلایەن ناوەندی ڕەھەندەوە بڵاوکرانەوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا.

کتێبی "ناشوێن" بەرگی هەشتەمی کارە تیۆرییەکانی "بەختیار عەلی" یە و چەند لێکۆڵینەوەیێكە لەبارەی "کۆچ و پەنابەری و غوربەت".

پەرەگرافێک لە کتێبی ناشوێنەوە "زۆربەی هەرە زۆری كۆچبەرانی ئێمە ژیانی كۆچبەر دەژین، بەڵام هوشیارییان بە مانای كۆچ و مانا ڕەمزییەكانی کۆچ نییە. مرۆڤ دەبێت سەرەتا باوەڕ بە نامۆبوونی خۆی بهێنێت تا بتوانێت دواتر لەسەر ماناكانی نامۆبوون ئیشبكات، بەڵام كۆچبەری كورد لە هەڵهاتنێكی گەورەدایە لە نامۆبوونی خۆی، لێرەوە ناتوانێت بزانێت چی ئەگەرێك و توانایەکی شاردراوەی لە خۆیدا هەڵگرتووە. كۆچبەری ئێمە ئاوێنەیەكی پێیە كە تەماشایدەكات هێشتا وێنە كۆنەكانی خۆی دەبینێت، كەسێكە لە ڕێگای ئەلبوومە كۆنەكانەوە دۆخی ئێستای خۆی هەڵدەسەنگێنێت، نایەوێت سەیری دۆخی نوێی خۆی بكات. لێرەوە نە پەیامی كەسانی غەریبی بۆ كۆمەڵگای كوردی پێیە، نە پەیامی ئەو كەسانەشی بۆ جیهان پێیە. دونیای ڕاستەقینەی كۆچبەر نامۆبوونە، كە پشتی كردە نامۆبوون دەكەوێتە دونیایێكی دەستكرد و درۆزنەوە".

بەختیار عەلی ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لەدایک بووە، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییی لە سلێمانی تەواو کردووە، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٩٨٣ی هەولێردا بریندار بووە، وازی لە زانكۆ هێناوە و بە تەواوی خۆی بۆ كاری نووسین و ئەدەبیات یەكلایی کردووەتەوە، لەهەمان ساڵدا (قەسیدەی نیشتمان)ی نووسیوە كە کۆنترین بەرهەمی بڵاوكراوەیەتی، دواتر لە دیوانی (گوناە و كەرنەڤاڵ) چاپ دەكرێت كە ساڵی ١٩٩٢ بڵاو كراوەتەوە، لە پاییزی ١٩٨٩ یەكەم وتاری لە ڕۆژنامەی (پاشكۆی عێراق)دا بڵاو بووەتەوە، ساڵی ١٩٩٢ تا ١٩٩٤ چەندین كۆڕ و سیمیناری لە سلێمانی و هەولێر پێشكەش کردووە، پاش سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ رووی کردووەتە ئەڵمانیا و ساڵی ١٩٩٩ لە شاری كۆڵن نیشتەجێ بووە، تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی بەختیار عەلی بەزمانی کوردی چاپ و بڵاو کراونەتەوە، ژمارەیێک لە بەرهەمەکانی بۆ زمانەکانی (فارسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیتاڵی) وەرگێڕدراون.هەندێکیان زیاتر لە ١٠ جار چاپ کراونەتەوە (ئێوارەی پەروانە) و (جەمشیدخانی مامم) لە پێشانگای نێودەوڵەتیی سنە لە ساڵی ٢٠١٨ پرفرۆشترین رۆمان بوون. ساڵی ٢٠١٧ بەختیار عەلی خەڵاتی نیلی زاکسی ئەدەبی ئەڵمانیای پێبەخشرا، زیاتر لە ٦٠ کۆڕی لە شارەکانی ئەڵمانیا و نەمسا و سویسرا وئۆکرانیا و بەریتانیا و چیک و ئیتالیا بۆ رێکخراوە.

News Code 52157

Your Comment

You are replying to: .
captcha