کوردپرێس:
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا لە شارۆچکەی فەتحییەی سەر بە پارێزگای موغڵا گوتارێکی بۆ کۆبوونەوەیێکی جەماوەری پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە وتەکانیدا تانەی لە جەهەپە و هەدپە دا و ڕایگەیاند: "ئێستا جەھەپە لەگەڵ کێ کار دەکات؟ لەگەڵ ھەدەپە. ئایا پارتێکی چۆنە؟ باڵی سیاسیی رێکخراوی پەکەکەیە. برایانی لایەنگری جەھەپە پێیان وایە دەنگەکانیان بۆ کێ دەڕوات؟ ئەم دەنگە بۆ کێ دەڕوات؟ بۆ پەکەکە دەڕوات. ئایا ئەوانەی دەنگ بە ھەدەپە دەدەن بیر لەوە دەکەنەوە کە دەنگەکەیان بۆ کێ دەڕوات؟ بۆ رێکخراوی تیرۆریستی دەڕوات. برایان، ٣١ ئادار دەبێتە زللـەیێکی عوسمانی لە سندووقی دەنگدان".
ئەردۆغان گوتیشی: "پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکیی تورکیا، تا ئێستا بە ھیچ شێوەیێک وەک ئەم جۆرەی ئێستا نەبووەتە یاریی ژێر دەستی دوژمنانی گەل و وڵات. ئینشائەڵڵا ٣١ ئادار دەبێتە رۆژی رووبەڕووبوونەوەی ئەو عەقڵییەتە".
سەرکۆماری تورکیا، زیادیشی کرد: "ھەماھەنگیی پەنسیلڤانیا و درێژکراوەی سیاسیی رێکخراوی جوداخواز و یارییەکانی لایەنەکانی دیکە، ئیتر ئاشکرا بووە. دروشمی ھەڵبژاردن لە لایەن پەنیسیلڤانیاوە دیاری دەکرێت، قەندیل دەست لە ناو لیستی کاندیدەکان وەردەدات. درێژکراوەی سیاسی رێکخراوی جوداخوازیش کارەکانی ھەڵبژاردنی ئەمانە بەڕێوە دەبات".
Your Comment