کوردپرێس:
ڕۆژی 21ی شوبات بەرانبەر بە 2ی ڕەشەمە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی لە جیهان ناسراوە و بۆنەیێکی گرینگە بۆ ئەو کەسانەی خەمخۆری زمان و ناسایەتی و کەلتووری خۆیانن.
هەر بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە پەنێلێکی زانستی بە بەشداریی زمانناسان و توێژەرانی کورد لە سەر ئەرکی پارتی سۆسیالیستی کوردستانی تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوە چوو.
لەو پەنێلەدا وتارەکان بە کرمانجی و زازاکی پێشکەش کران تەوەری سەرەکیی وتارەکان بریتی بوو لەوە کە ڕەوشێکی خراپ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە و ئەو زمانە مەترسیی لە سەرە.
یەک لە بەشداربووانی ئەو پەنێلە زانستییە ئیسماعیل بێشکچی بوو کە دەموچاوێکی ناسراو و خۆشەویستی کوردە و هەموان بە خەمخۆری کوردی دەزانن.
ئیسماعیل بێشکچی وەکوو خەسارناسییێک بۆ بندەست کەوتنی زمانی کوردی وتوویەتی ڕاستە دەوڵەتی تورکیا خوێندنی بە زمانی کوردی قەدەخە کردووە و چەواشەکارییەکان بەرانبەر بە زمانی کوردی دەکرێن بەڵام زیاتر لەوەش خەسارە گەورەکە لە نێو خێزانە کوردەکانەوە هەڵدەستێت لەبەر ئەوەی کەم نین ئەو خێزانانەی بە کوردی لەگەڵ منداڵەکانیان ئاخاوتن ناکەن.
ئیسماعیل بێشکچی، نووسهر و كۆمهڵناسی نێوداری تورك و دۆستی دێرینی كورد بە رووداوی راگەیاند: "خوێندن، نووسین و قسەکردن بە زمانی کوردی زۆر گرنگە، پێویستە کورد لە ماڵ و لە گەڕەکی خۆی و لە هەر شوێنێکی دیکە بە کوردی قسە بکەن، راستە دەوڵەتی تورکیا خوێندنی بە زمانی کوردی قەدەخە کردووە، بەڵام پێویستە کورد گوێ بەوە نەدەن و پەروەردەی خۆیان لە ماڵی خۆیان بە کوردی بکەن و ئەوەش دەکەوێتە سەر ئەستۆی خێزانەکان خۆیان".
Your Comment