به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی 19ی دیسێمبێری 2018 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له بڕیارێکی چاوه‌ڕواننه‌کراودا ڕایگه‌یاند که تێکڕای هێزه‌کانی له سووریا ده‌باته ده‌ره‌وه. زیاتر له 2 هه‌زار هێزی سه‌ربازیی ئه‌مریکا له ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کورد له سووریادان.
پێده‌چێت هاوکات له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه به کۆنتڕۆڵکردنی کۆتامۆڵگهی داعش له سووریا له‌لایه‌ن هێزه کوردییه‌کانه‌وه، ئه‌مریکاش که‌ره‌سته و هێزی سه‌ربازیی خۆی له‌و وڵاته بباته‌ده‌ره‌وه.
دوو هه‌فته پێش ئێستا ڕۆژنامه‌ی واڵستریت ژۆرناڵ له زاری به‌رپرسانی ئه‌مریکاوه ڕایگه‌یاند که هێزه‌کانی ئه‌مریکا تا کۆتاییی ئه‌یپڕێڵی 2019 وڵاتی سووریا به‌جێده‌هێڵن.
ڕۆژنامه‌ی گاردییه‌نی به‌ریتانیا ڕاپۆرتی دا که 60 لۆری و تریلهرییان له شاری کوردنشینی حه‌سه‌که بینیوه که بۆ بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازیی ئه‌مریکا چوونه‌ته سووریا.
ئه‌و ڕۆژنامه‌یه له زاری سه‌رچاوه خۆجێییه‌کانه‌وه نووسیی: ژماره‌ی ئه‌و لۆرییانه که له عێراقه‌وه چوونه‌ته ناوچه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی کوردی سووریا زیاتر ده‌بێته‌وه و پاش هه‌ڵگرتنی که‌ره‌سته و جیهازاتی سه‌ربازیی ئه‌مریکا بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
گاردییه‌ن له درێژه‌دا نووسیی: ئه‌مریکا هه‌وڵ ده‌دات تاکوو پێش له کۆتایی هاتنی ئهیپڕێڵ که‌ره‌سته و جیهازاتی سه‌ربازیی خۆی له سووریا بباته‌ده‌ره‌وه.
میدیاکانی تورکیا ئیدعا ده‌که‌ن که ئه‌مریکا ده‌یان بنکه‌ی سه‌ربازی له سووریا هه‌یه. ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانێتیی دژه‌داعش پێکهاتوو له زیاتر له 70 وڵاتی جیهان پاش هێرشی داعش بۆ سه‌ر شاری کوردنشینی کۆبانێ له سووریا چوونه ئه‌و وڵاته و پشتیوانیی ئاسمانی و لۆجستیکییان له هێزی کوردی سووریا ناسراو به یه‌په‌گه کرد به‌ڵام زۆربه‌ی یارمه‌تی و پشتیوانییه سه‌ربازییه‌کان به کوردی سووریا له‌لایه‌ن ئه‌مریکا، فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیاوه ئه‌نجام دراوه.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment