مەسروور بارزانی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان کۆ بوونەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمرۆ چوارشەممە 20/2/2019، مەسروور بارزانی، پێشوازیی لە جەنەڕال پۆڵ لێکامێرۆ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، له‌ دیداری نێوان مەسروور بارزانی، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری، گفتوگۆ له‌باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كرا.

لەم دیدارەدا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زیاتری میکانیزمی هەماهەنگی نێوان هێزه‌ پەیوەندیدارەکان و بەگژداچوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریزم گفتوگۆیان لەسەر کرا.

مەسروور بارزانی، وێڕای جه‌خت كردنه‌وه‌ له بایه‌خ و گرینگی هاوکاری زیاتری هێزی پێشمەرگە بۆ بەگژداچوونەوەی‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆریستان، ئاماژەی بە پەرەسەندنی جموجووڵ و کردەوە تیرۆریستییەکان لە چەند پارێزگایێکی عێراق دا و رایگەیاند: ئەگەر لەبنەڕەتەوە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، زەمینەی سەرھەڵدانەوەی توند و تیژی لە ژێر ناو و شێوازی جیادا بەردەوام دەبێت.

لە بەرامبەردا فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دووپاتی کردەوە، کە هاوپەیمانان لە هاوکاری و مەشق و پاڵپشتی كردنی هێزەکانی پێشمەرگە و عێراق بەردەوام دەبن، بۆ پاراستنی ناوچەکانیش، هاوبەشی و هەماهەنگی نێوان ئەم هێزانەی بەپێویست زانی.

لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارەدا پەرەسەندنەکانی رەوشی سووریا، بەتایبەتی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات گفتوگۆی لەسەر کرا، پەیوەست بەو بابەتە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لە ئەگەر و پێشهاتەکان لەو ناوچانە دەربڕی و جەختی لە دیالۆگ و چارەسەری سیاسیانەی رەوشەکە کردەوە و رایگەیاند پێویستە لە گفتوگۆکاندا گەرەنتی ماف و ئاسایشی گەلی کورد لەو وڵاتەدا لەبەرچاو بگیردرێت.

سەرچاوە: K24

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 52052

Your Comment

You are replying to: .
captcha