پرسی کوردەکانی تورکیا لە ساڵی 1978ەوە کە پەکەکە دامەزرا و داوای وڵاتێکی سەربەخۆی بۆ کورد کرد چووە قۆناخێکی نوێوە. داخوازییەکەی پەکەکە کە لە لایەن حکوومەتەکانی تورکیاوە ڕەت کراوەتەوە گەیشتە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی بەڵام ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیشە کێشەکەی چارەسەر نەکرد. سەرەڕای ئەوەی کە پەکەکە و عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرکردەی زیندانی کراوی ئەو حزبە وازیان لە دامەزرانی وڵاتی سەربەخۆی کوردی هێناوە و ئێستا داوای دامەزراندنی ناوچەی دیموکراتیک لە ناوچەکانی تورکیا دەکەن بەڵام تورکیا ئەمەشی پێقبووڵ نەکرا و شەڕەکە تا ئەمڕۆ درێژەی بووە.
دوکتۆر فدریکە گیردینک، شرۆڤەکاری بابەتی کوردی تورکیا کە بۆ ماوەی یەک ساڵ بۆ باشتر زانینی مەسەلەی کوردەکان و هەروەها دەرک کردن بە ستراتێژیی پەکەکە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کوردەکان لە نێوە ئەو گرووپەدا بووە و تێزی دوکتۆرییەکەیشی لەسەر بابەتی کوردەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە لەگەڵ حکوومەتی تورکیا نووسیوە، لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا جەختی کردەوە کە کێشەی کوردەکانی تورکیا ئەمەیە کە حکوومەتی تورکیا شۆناسێکی دیکەی جگە لە تورک بوون و سونە بوون پێ تەحەمول ناکرێت. ناوبراو جەخت دەکاتەوە کە کێشەکە بە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیش چارەسەر ناکرێت.
ئەم کارناسە پێوەندیی نێوان کوردەکانی سووریا و پەکەکە ڕەت ناکاتەوە و بەڵام لەم باوڕەدایە کە ئەم پێوەندییە ئێستا زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ئایدۆلۆجیای هاوبەش.
دەقی دیمانەکەی ئاژانسی کوردپرێس لەگەڵ دوکتۆر فدریکە گیردنک:
کوردپرێس: کێشەی سەرەکیی کورد لە تورکیا چییە؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: کێشەی سەرەکی لە تورکیا ئەمەیە کە هەمووان دەبێت تورک و سونە بن. ئەگەر جگە لەمە بن کێشەکە ئێوەن. ئەم وڵاتە مۆڵەتی سەرهەڵدان بە شۆناسێک جگە لەم شۆناسە نادات بۆیەش لەم وڵاتەدا قاڵ و هەرایە. بزووتنەوەی کوردی بەنیازە ئەم کێشەیە نەک تەنها بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی تورکیا بگۆڕێت وەکوو عەلەوییەکان، کوردەکان، ئەرمەنییەکان، ڕۆمییەکان و لازەکان و هەروەها ئەو گرووپانەی کە لە تورکیا ڕێگایان پێنادرێت وەکوو هاوڕەگەز بازەکان.
کوردپرێس: ژمارەیێک لە کارناسەکان لەم باوڕەدان کە سەرکردە سەرەکییەکانی دوو گرووپی کوردی لە سووریا واتا یەپەگە و پەیەدە پێشتر لە فەرماندەکانی پەکەکە لە تورکیا بوون، ئێوە بۆ ماوەی یەک ساڵ لە نێو پەکەکە بوون، وەسفی ئێوە بۆ پێوەندیی نێوان پەکەکە و گرووپە سەربازی و سیاسییەکانی کوردی سووریا چییە؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: بەڵێ دروستە. ژمارەیێک لە فەرماندەکانی یەپەگە و یەپەژه پێشتر فەرماندەی پارتی کرێکارانی کوردستان بوون. بەڵام ئەو شتەی کە دەرک پێکردنی گرینگە ئەمەیە کە هەموو ئەو ڕێکخراوەگەلە یەک ئایدۆلۆجیایان هەیە و بۆ ماوەی دوور و درێژێکە کە یەک ئامانجی هاوبەش پەیڕەو دەکەن ئەوەش بەرەنگار بوونەوەی کاپیتالیزم و پرسی دەوڵەت- میللەت و دیموکراسی بووە. پەکەکە لەنێوە خاکی تورکیا خەریکی شەڕە لەگەڵ ئەم وڵاتە و هیچ ناوچەیێکیشی بەدەستەوە نییە. هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە تەنها هێزی سەربازین لە کورستانی سووریا و هەروەها لقی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک پێکدێنن لە دەرەوەی ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا. دروستە کە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە هەڕشەی ئایدۆلۆژین بۆ سەر تورکیا بڵام ئەمە پەکەکە-یە کە هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر تورکیا دروست دەکات نەک یەپەگە. یەکینەکانی پاراستی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان-ی سووریا تەنها بەرگری لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا دەکەن لە بەرامبەر هێرشی داعش و گرووپەکانی سەربە تورکیا و هەڕەشە نین بۆ سەر خاکی تورکیا.
ئەڵبەت یەپەگە و یەپەژە لە شاری عەفرین کە لە لایەن تورکیاوە داگیر کراوە ئۆپەراسیۆنی گریلایی دژ بە هێزەکانی تورکیا ئەنجام دەدەن. بەڵام ئەم ئۆپەراسیۆنە تەنها لە نێو خاکی سووریا بووە و تورکیای نەگرتۆتە بەر.
کوردپرێس: بۆچی پەکەکە لەم ڕۆژانەدا وەکوو پێشوو ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو خاکی تورکیا ئەنجام نادات؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: پەکەکە هەمیشە لە وەرزی زستاندا چالاکیی کەمتر دەنوێنێت. ئەوان لە کەمپەکانیانن و تەرکیزیان لەسەر ڕاهێنانە. بەم حاڵەشەوە، هێرشەکان لە نێو خاکی تورکیا هەر بەردەوامن بەڵام لە لایەن میدیا سەرەکییەکانەوە بڵاو ناکرێنەوە. پەکەکە چەند حەفتە پێش ئێستا هێرشێکی چەکداریی لە نێو خاکی تورکیا ئەنجام داوە. سەرچاوەکان بە منیان ڕاگەیاندووە کە پەکەکە هێرشەکانی کاتێک ئەنجام دەدات کە شێوەیێکی تایبەتی دۆزیبێتەوە. بۆیەش وادیارە کە پەکەکە دەستی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و تەکنەلۆجیای دروست کردنی گەیشتووە و ڕەنگە کێشەی لە دابین کردنی ئەم کەرەستەدا نەبێت و بۆیەش دەبێت چاوەڕوانی ئەم جۆرە هێرشانە بین لە نێو خاکی تورکیا.
لە لایێکی دیکەوە سوپای تورکیا کەڵک لەم چەشنە فڕۆکە هەم لە نێو خاکی تورکیا و هەم لە نێو ناوچە کوێستانییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت و ئەمچەشنە فڕۆکە بە هۆی خێرا بوون و ناسینی ئامانجەکانییەوە دەتوانێت لە فڕۆکەی F-16 مەترسیدارتر بێت.
کوردپرێس: ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هاوکات لەگەڵ بۆردوومانی قەندیل لە هەرێمی کوردستان، باس لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکە دژ بە کوردەکانی سووریا دەکات، بۆچی ئەوندە ئەردۆغان پێیخۆشە پرسی کورد لە ڕێگای سەربازییەوە چارەسەر بکات؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: ئەردۆغان ئەم کارە بۆ مانەوە لە دەسەڵات ئەنجام دەدات، ئەگینا دەیان ساڵە سەلمێندراوە نە تورکیا و نە پەکەکە ناتوانن لە ڕێگای سەربازییەوە یەکتر لەناو ببەن. پەکەکە مەیلی دانووستانی لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەم گرووپە کوردییە بەردەوام لە ئەگەری بوونی کەشێکی باشدا ئامادەبووە بۆ دانووستان کردن لەگەڵ تورکیا بەڵام بۆ ئەردۆغان، دانووستان لەگەڵ پەکەکە بەمانای لەدەست دانی دەسەڵاتە. ئەردۆغان دەزانێت کە چارەسەر کردنی پرسی کوردەکان بە واتای لامەرکەزییەت لە دەسەڵاتە و تورکیا دەبێتە وڵاتێکی فیدراڵتر و ناوەندە دیموکراتیکەکان وەکوو دەزگای داد، سوپا، زانستگاکان، میدیاکان و هتد بگەنە پێگەی ڕاستەقینەی خۆیان و تۆکمە بکرێن. کاتێک کە ناوەندە ئەمنییەکان و دەزگای داد سەربەخۆ بن چی ڕوودەدات؟ ئەردۆغان دەبێت بە بۆنەی هەوڵە تاکە لایەنەکانی و کەڵک وەرگرتنی نادروست لە ئابووری تورکیا دادگایی بکرێت.
کوردپرێس: ژمارەیێک کەس لەم باوڕەدان کە ڕێگاچارەی سەربازیی ئەردۆغان دژ بە کوردەکان بە بۆنەی ڕاکێشانی دەنگی ناسیۆنالیستەکانە لە هەڵبژاردنەکاندا ئایا ئەم بڕوایە ڕاستە؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: بەڵێ هەمیشە بەم چەشنە بووە.
کوردپرێس: پێش بینیی ئێوە بۆ دۆخی کورد لە تورکیا چییە؟
دوکتۆر فدریکە گیردنک: کوردەکان لە ساڵی 1978ەوە کە پەکەکە دامەزراوە درێژە بە بەرخۆدان دەدەن. ڕەنگە ئێستا ئەم بەرخۆدانە بە شێوەی نهێنی بێت بەڵام هەمیشە لە ماڵەکاندا، لە ڕێکخراوە ناحکوومییەکاندا، لە لایەن حزبی بەدەپە حزبی سەربە هەدەپە و لە بزووتنەوەی ژنان و لە نێوان لاواندا درێژەی دەبێت. کوردانی تورکیا دەزانن بۆ وەدست هێنانی مافەکانیان دەبێت هەوڵ بدەن و هەروایش دەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment