ڕێبەری باڵای ئێران لە ئاهەنگی چلەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێراندا پەیامێکی گرینگی بڵاو کردەوە

بەشی ئێران/ کوردی- ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران بەبۆنەی چلەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی گەلانی ئێرانەوە پەیامێکی گرینگ و ستراتێژییانەی بڵاو کردەوە و وێڕای دەستنیشان کردنی دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە تەمەن چل ساڵانە کۆمەڵێک ڕێنمایی و فەرمانیشی بۆ هاووڵاتییان و کاربەدەستانی حکوومەت دەرکرد.

کوردپرێس:

ئەمڕۆ چوارشەمە 24ی ڕێبەندانی 1397 بەرانبەر بە 13ی شوباتی 2019 ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە پەیامێکی حەوت خاڵیدا کۆمەڵێک دەستکەوتی 40 ساڵەی شۆڕشی گەلانی ئێرانی خستۆتە بەر باس و ئاماژەی بە ڕێنمایی و نەخشەڕێگای داهاتووی گەلی ئێران و کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کردووە و لەو نێوانەشدا چینی گەنجی کۆمەڵگای بەهەند وەرگرتووە و ڕووی ئامۆژگارییەکانی زیاتر لە گەنجانی ئەو وڵاتەیە کە وەکوو بەرەی داهاتووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران جومگەکانی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە بەدەستەوە دەگرن.

ئایەتوڵڵا خامنەیی لە سەرەتای پەیامەکەیدا نووسیویەتی: بە شانازییەوە پێ دەنێینە چلەی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئەوەش لە کاتێکدا زۆر وڵات و گەلانی دیکەش بوون کە شۆڕشیان کرد بەڵام نەیانتوانی ئامانجەکانیان بهێننە دی و بگەنە مەنزڵ. بەڵام شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە چلەمین ساڵیادی سەرکەوتنیدا ڕایدەگەیێنێت کە پارێزگاری لە دروشم و نەخشەڕێگای خۆی دەکات و بە ورەیێکی بەرزەوە ئاهەنگی ئەم قۆناغە نوێیەی حەیاتی سیاسیی خۆی بەڕێوە دەبات لە بەر ئەوەی دروشم و نەخشەڕێگای ئەم شۆڕشە هەرگیز ماوەی بەسەر ناچێت و لە کەڵک ناکەوێت. هۆکارەکەشی ئەوەیە بنەما ئەخلاقی و مەعنەوییەکانی مرۆڤایەتیی پێوە گرێ دراوە و ئەوەی عەقڵییەت و سەربەرزی و ئەخلاق و دادپەرورەی و شکۆ و سەربەخۆیی و سەروەری بێت لەم شۆڕشەدا بەدی دەکرێت.

هەر لە سەرەتای پەیامەکەدا نووسراوە ئێران لە هیچ موناقشەیێکدا تەنانەت لە شەڕی ئەمریکا و سەدامیشدا یەکەم فیشەکی دەرنەکردووە بەڵکوو بەردەوام هەوڵی داوە تەنها بۆ پارێزگاری کردن لە مافی خۆیەوە دەست بە شەڕ بکات بەڵام ئەو کاتەش وەڵامی ملهوڕییەکان دەداتەوە گورزەکانی قورس دەبن و بەردەوام هەوڵی داوە پشتگیریی مافەکانی گەلانی بێ دەسەڵات بکات و لە بەرانبەر ملهوڕان و زلهێزاندا یارمەتیی چەوساوە و کەم دەسەڵاتەکان بدات.

لە یەکەم خاڵی بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئێراندا ئامۆژگاریی چینی لاو و بەرەی داهاتووی شۆڕش کراوە و نووسراوە: دەیەکانی داهاتوو دەیەی ئێوەی گەنجە و پێویستە ئەوەی بە مەینەت دەست خراوە پارێزگاریی لێبکەن و بەردەوام لە نەخشەڕێگای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران کە گەیشتن بە شارستانییەتێکی نوێی ئیسلامییە.

دووهەم خاڵی بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئێران سەرنجی خستۆتە سەر بنەما مەعریفییەکانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و دەڵێت: شۆڕشگێڕانی شۆڕشی ئیسلامی سەرمەشقیان نەبوو و لە خاڵی سیفرەوە دەستیان بەو شۆڕشە مەزنە کرد و بە هەموو ئە چەڵەمە و گرفتانەوە بەرەو پێش هەنگاوی نا و کۆتاییی بە لاڕێیێکی مێژوویی هێنا و حکوومەتێکی بنکە فراوانی بە بەشداریی هەموو هاووڵاتییان دامەزراند و بەشداریی بە لاوانی وڵات کرد. ئەوەش لە کاتێکدا شەڕی سەپاوی عێراق و ئێران دەستی پێکردبوو و سەروەریی ئێران هەڕەشەی لێ دەکرا.

هەر لە خاڵی دووهەمی بەیاننامەکەی ئایەتوڵڵا خامنەییدا تیشک خراوەتە سەر زەروورەتی تەرکیز کردن لە سەر زانست و تەکنەلۆجیا و هەوڵدان بۆ مسۆگەرکردنی پێشکەوتنی تەکنیکی و زانستی.

وەکوو دەستکەوتی سێهەمی شۆڕشی ئیسلامی، لە بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئێراندا نووسراوە: بەشداری پێکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردن و مافی چارەی خۆنووسین دەستکەوتێکی دیکەی شۆڕش بوو.

خاڵی چوارەمی دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشەش بە پێی بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئێران ئەوە بوو کە شۆڕشی ئیسلامیی ئێران پێش چاوی هاووڵاتییانی ڕوون کردەوە و عەقڵییەتی سیاسی و ژیانی کۆمەڵایەتیی هاووڵاتییان بەرز بوویەوە و کۆتایی بەو ڕژێمە هات کە خۆڵی دەکردە چاوی هاووڵاتییان.

پێنجەم دەستکەوتی شۆڕش کە لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی پێکراوە بەشکردنی سامانی وڵات لە نێوان هاووڵاتییاندایە. بە پێی بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئێران دژی بێدادی و بۆ جێگیرکردنی دادپەروەری لە ماوەی ئەو 40 ساڵەی تەمەنی شۆڕشدا هەوڵی فراوان دراوە و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و خۆشبژێوی ئاراستەی هاووڵاتییان کراوە.

وەکوو خاڵی شەشەم، لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ئەخلاق و مەعنەوییاتی هاووڵاتییانی ئێران لە ماوەی ئەو 40 ساڵەدا بەرەو خوو و ڕەوشتی جوان و شیرین کشاوە و بنەمای ئەخلاقییەکان پارێزراون و کاریشیان بۆ کراوە.

دەستکەوتی حەوتەمی شۆڕشی 40 ساڵەی گەلانی ئێران بە پێی بەیاننامەکەی ڕێبەری باڵای ئەو وڵاتە ئەوە بوو کە بە شکۆ و ورەبەرزییەوە بەرپەرچی ملهوڕان و زلهێزانی دژی ئێران دراوەتەوە کە لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا دژایەتیی ئێرانی کردووە.

ئایەتوڵڵا خامنەیی پاش ڕوونکردنەوەی 7 خاڵە سەرەکییەکە داوای لە بەرەی داهاتووی وڵاتەکەی کرد ئەو دەستکەوتانەی شۆڕشی ئیسلامی بپارێزن بە پەرۆش بن بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی دووهەمی شۆڕش.

ئامۆژگارییەکانی ڕێبەری باڵای ئێران لە بەشی دووهەمی بەیاننامەکەدا زیاتر لە سەر تەوەری زەروورەتی پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و ئامۆژگاری کردنی چینی لاو و بەرەی داهاتووی شۆڕش دەسووڕێت و داواش دەکات هەڕەشەکان چاوترێسنیان نەکات و دەرفەتەکان نەفەوتێنن و پێوەندییە هەرێمایەتی و دەولییەکانی ئێران بپارێزن و هەوڵ بۆ دەوڵەمەندکردنیشیان بدەن.

لە کۆتاییی بەیاننامەکەشدا ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە حەوت تەوەری جیاجیادا ئامۆژگاریی سەرجەم هاووڵاتییان و کاربەدەستانی ئێران کردووە کە تەوەرەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:

بواری زانست و توێژینەوە، ئەخلاق و مەعنەویات، ئابووری، دادپەروەری و بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی، ئازادی و سەربەخۆیی، شکۆی نیشتمانی و پێوەندیی دەرەوە و سنووربەندی لەگەڵ دوژمنان، ستایلی ژیان.

ڕێبەری باڵای ئێران لە کۆتاییدا دیسانەوە پێزانینی بۆ بەشداریی فراوانی هاووڵاتییان لە ئاهەنگی ڕێپێوانی ساڵانەی 22ی ڕێبەندان دەربڕی.

News Code 51881

Your Comment

You are replying to: .
captcha