بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەواڵی کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا لە کۆتایی ساڵی 2018دا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو بوو بۆ هەموو لایەنەکان لە سووریا بە تایبەت کوردەکان کە هاوپەیمانی ئەمریکان. ئەم هەواڵەش دوای ڕاگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعشدا بوو لە لایەن ئەمریکاوە پاش چورا ساڵ شەڕ لە سووریا.
ئەم بڕیارە کتوپڕە ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی هەموو هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بوویەوە چوونکە لەو باوڕەدان کە کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە هۆی هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردەکانی سووریا.
هەواڵی کشانەوەی ئەمریکا بوو بە هۆی شوک بوونی بەرپرسانی پێنتاگۆن و هاوپەیمانە کوردەکانی ئەمریکا لە سووریا، هەروەها دەست لەکار کشانەوەی ژمارەیێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکای لێکەوتەوە لەوان جیمز ماتیس وەزیری بەرگریی ئەم وڵاتە و برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە شەڕی داعش. بەگوێرەی نامەکەی برێت مەکگۆرک کشانەوەی خێرای ئەمریکا لە سووریا مەترسیدارە و سەرهەڵدانەوەی داعشی لێدەکەوێتەوە.
لەم شڵەژاوییە سیاسییەدا، چارەنووسی کوردەکانی سووریا نادیارە. بۆیەش جێی سەرسوڕمان نییە کە بەرپرسانی یەپەگە و پەیەدە بۆ پاراستنی پێگەی ئێستای باکووری سووریا و ڕێگری کردن لە هێرشی تورکیا، دانووستانە نافەرمییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ڕووسیا دەست پێکردووە.
سیپان حەمۆ فەرماندەی باڵای یەکینەکانی پاراستنی گەل پاش بۆشایی ئەمنی و زیاتر بوونی مەترسییەکان بۆ تاوتوێ کردنی نەخشە ڕێگایێکی نوێ سەردانی مۆسکۆ و دیمەشقی کرد. بەپێی ئەم پێشنیارە هێزە کوردەکان ئامادەن کونترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و تورکیا ڕادەستی هێزە دەوڵەتییەکانی سووریا بکەنەوە. هێزەکانی حکوومەتی سووریا لە ساڵی 2012 و لەکاتی سەهەڵدانی قەیرانی ناوخۆیی سووریادا کۆنترۆڵی ناوچە سنوورییەکانی باکووریان دابووە دەستی هێزە کوردییەکان.
ئەم ئیمکانە لە ئارادا نییە کە بەرپرسانی یەپەگە و پەیەدە هێزەکانیان بەتەواوی لە پارێزگاکانی حەسەکە، ڕەقە و شاری مەنبج بکشێننەوە و ڕادەستی هێزەکانی بەشار ئەسەدی بکەن. لەجێگای ئەمە هەوڵ دەدەن بەڵێن لە ڕووسیا وەربگرن کە هێزەکانی دەوڵەتی سووریا هێرشیان ناکەنە سەر.
ئەمەش مومکینە شەڕڤانانی کوردی یەپەگە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک کە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا لە سووریان، تێکەڵی هێزەکانی حکوومەتی سووریا ببن.
بانگهێشت کردنی هێزە دەوڵەتییەکانی سووریا لەلایەن هێزە کوردەکانەوە پیشاندەری بوونی قەیران لە بەرەی کوردیدایە، ژمارەیێک لە فەرماندە ئەمریکییەکان پێشنیاریان کردووە ئەو چەکانەی کە ڕادەستی هێزە کوردەکان کراوە لێیان وەرنەگیردرێتەوە تا بتوانن هەمبەر هێرشی گریمانەیی تورکیا بوەستنەوە. سێ کەس لە بەرپرسانی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان بدرکێندرێت وتوویانە ڕەشنووسی وەرنەگرتنەوەی چەکەکان لە کوردانی سووریا لە بەرنامەی پێنتاگۆندا هاتوو. بەم حاڵەوە هێشتا دیار نییە کە پێنتاگۆن ئەم پێشنیارەی بە کۆشکی سپی کردبێت یان نا. لە هەر حاڵەتێکدا ئەو چەکانەی کە ئەمریکا بە هێزە کوردییەکانی داوە هاوسەنگیی هێز هەمبەر حکوومەتی ناوەندیی سووریا و ئەرتەشی تورکیا ناگۆڕێت.
زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە خولیای کوردەکان بۆ دامەزراندنی ناوچەی سەربەخۆی کوردی لە باکووری سووریا لەناو چووە، پەیەدە ئێستا تەرکیزی کردووە لەسەر وەرگرتنی مافی هاووڵاتی بوون و خۆبەڕێوەبەرایەتی ئەوەش بە یارمەتیی مۆسکۆ. نزیک لە 400 شەڕڤانی پەیەدە لە هەوڵێکدا بۆ ڕاکشانی ڕەزامەندیی ڕووسیا لە مانگی جانیڤێریدا بنکەکانی خۆیان لە مەنبج چۆڵ کرد تا هێزەکانی حکوومەتی سووریا لەو ناوچە جێگیر ببن.
پشتگیریی سەربازی و سیاسیی ئەمریکا لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیک شەرعیەتی نێونەتەوەیی بۆ ئەم حزبە کوردییە دروست کردووە، بە چەشنێک کە مۆسکۆ و دیمەشق پێچەوانەی ئەو ڕەفتارەی کە لەگەڵ دیکە گرووپە سوورییەکان هەیانە لەجێگای هێرش کردنە سەریان، ڕێگای دانووستانیان لە گەڵ کورد گرتۆتە بەر.
کوردەکان ئێستا ڕووسیا بە تەنها ڕۆڵگێڕی سەرەکی دەزانن کە دەتوانێت ڕێگری بکات لە هێرشی تورکیا و ڕەنگە ڕووسیاش بەم مەرجە داواکاریی کوردەکان جێبەجێ بکات کە چەک دابنێن، لەم نێوانەشدا نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون لەبارەی سووریا لە لایەن ئەمریکاوە، کوردان زیاتر لە ڕووسیا نزیک دەکاتەوە.
داخڵ بوونی ڕووسیا بە مەسەلەی کوردەکانی سووریاوە دەتوانێت ڕێگری لە هێرشی تورکیا بکات و دەرفەتی پێویست بە پەیەدە و دیکەی حزبە کوردییەکان بدات تا دانووستانەکانیان لەگەڵ دیمەشق کۆتایی پێبێنن. جگە لەمەش مۆسکۆ دەرک بە نیگەرانییەکانی تورکیا لەبارەی هێزە کوردەکان دەکات و هەوڵ دەدات قەناعەت بە تورکیا بێنێت کە گەڕانەوەی هێزە دەوڵەتییەکانی سووریا بۆ سنوورەکان مەترسی لەسەر تورکیا لادەبات.
کوردەکانی سووریا ئێستا دەبێت تاوتوێی دۆخەکە بکەن کە لە داهاتوویێکی نزیکدا مومکینە لەبەرژەوەندیی بەشار ئەسەد-دا گۆڕانکاریی بەسەردا بێت. بە ئاوڕدانەوە لە هەڕەشەکان و ئەگەری پێکهاتنی هاوپەیمانێتییە نوێکان لە سووریا پەیەدە حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد بە باشترین بژاردەی بەردەم خۆی دەبینێت.
بە ئاوڕدانەوە لەوەش کە ئینتیمای کوردەکانی سووریا بۆ دامەزراندنی ناوچەی خۆبەڕێوەبەر ڕووبەڕووی ڕەخنەی ڕووسیا بووەتەوە ئەوەش لە زاری سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتەوە. ئێستا کوردانی سووریا تەنها ڕێگایێکیان بۆ ماوەتەوە ئەوەش تەعامول لەگەڵ بەشار ئەسەدە.
کەوابوو، بە لە بەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمریکا خەریکی کشانەوە لە سووریایە و دیکەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکاش لەوان فەڕانسا و بەریتانیا توانای ئەوەیان نییە هاوکات شەڕی داعش و هێزەکانی سەربە بەشار ئەسەد بکەن، ڕووسیا براوەی سەرەکی دۆخی جیوپۆلۆتیکی ئێستای سووریایە.
ئەم ڕاستییە بووەتە هۆی ئەمەی کە کوردەکان ڕێگای دانووستان لەگەڵ حکوومەتی سووریا و مۆسکۆ بگرنەبەر کە وەکوو تەنها هێزی توانای پاراستنی خۆیان هەمبەر مەترسی و هەڕەشەکان دەیانبینن.
سەرچاوە: پەیمانگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment