کوردپرێس:
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پرۆگرامی پێشوازیکردن لە ئەندامانی ئەنجومەنی تورکیا-ئەمریکی و ژووری بازرگانیی ئەمریکا، وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "پێداگرین لەسەر بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ گشت ئەو رێکخراوە تیرۆریستییانەی کە بوونەتە ھەڕەشە بۆ سەر جیھان و ناوچەکە و وڵاتەکەمان، بە تایبەتی داعش".
ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "ئێستا ئەو برا کوردانەی لە ھێرشی داعش و ستەمی پەکەکە/پەیەدە ھەڵدێن، تەنھا پەنا دەبەنە بەر تورکیا. لەم بارەیەوەش لە نوێترین راپۆرتە ھەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە کراوە کە پەیەدە/یەپەگە باڵێکی رێکخراوی پەکەکەیە".
پەیوەندیدار به یارمەتیی سهربازی ئەمریکا بۆ یهپهگه\پهكهكه رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: " ئەمە دەچێت بۆ کوێ بۆ یەپەگە، بۆ پەکەکە دەڕوات. کاتێک دەیانگرین سەیر دەکەین چەکی ئەمریکیان پێیە. لای کێیە ئەمە؟ لەدەستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا. بەڵام ئەمانە تائێستا ئەمریکا وەک رێکخراوی تیرۆریستی قبووڵی نەکردوون. کێشەی ئێمە لەمەدایە".
ھەر لەبارەی پروپاگاندەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھەندێک لەو بەشانەی لەگەڵ پاشماوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی تر ماونەتەوە، بەرامبەر وڵاتەکەمان پروپاگەندی رەش ھەڵدەبەستن".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی پەیوندییەکانی ئەمریکا و تورکیاش گوتی: "پەیوەندیێکی ستراتیژی لەسەر بنەمای ھاوپەیمانی گشتگیر و بەھێز لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا ھەیە. ھەرچەندە پەیوەست بە جیاوازی بیروڕاکانمان ناوبەناو پەیوەندییەکانمان بەرزی و نزمی بەخۆیەوە دەبینێت، بەڵام ھاوبەشییەکەمان توانیوێتی زۆر ئاستەنگی تێپەڕێنێت".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا گوتی: "ترەمپ بەتایبەت لەبواری سووریادا بەو دەستپێشخەرییەی کردی، پلانی ئەوانەی لەناوبرد کە ھەوڵی تێکدانی پەیوەندییەکانی تورک-ئەمریکایان دەدا".
ناوبراو گوتیشی: "تورکیا ئامادەیە بەرپرسیارێتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەو ناوچانە بگرێتە ئەستۆ کە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تێدا دەکشێتەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام کرد و گوتی: "وەک تورکیا تەنیا ئامادەین بە وەرگرتنی پشتگیری لۆجیستی، ناوچەی ئارام دروست بکەین و لەژێر رۆشنایی بەرژوەندییە ھاوبەشەکانماندا بەڕێوەی بەرین".
ئەردۆغان لەبارەی سووریا گوتیشی: "ئەگەر باس لە ھەڵوێستێکی مرۆیانە دەکەین و دەڵێین 'وەرن با دەرگا بۆ پەناخوازان بکەینەوە' ئەوا وەرن شاری کۆنتەینەر (کەمپی کۆنتەینەر) لە ناوچە ئارامەکان دروست بکەین".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment