فەلاح مستەفا: هەرێمی کوردستان بەنیازە پەرە بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێوەڕەسمی ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هەولێر وتی: پێوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئێمە مایەی شانازییە و خوازیاری گەشە پێدانی پێوەندییەکانین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 17ی ڕێبەندان، ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق بەڕێوە چوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کەسایەتییە سیاسی، فەرهەنگی، زانستی و ئایینییەکان و چالاکانی ئابووری لەوان وەزیرانی ناوخۆ و بەرنامەڕێژی، نوێنەرانی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، پارێزگاری هەولێر و سلێمانی، سەرۆکی نووسینگەی پێوەندییەکانی دەرەوە، کونسۆڵەکان، سەرۆک حیزبەکان، بەرپرسانی باڵای ئیداری، سەرۆک عەشیرەتەکان، بازرگانەکان و ژمارەیێک زۆر لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئامادە بوونیان پەیامی پیرۆزبایی خۆیان بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند.

فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتاربێژێکی ڕێوەڕەسمی ساڵۆگەڕی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بوو.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتی: ئێمە ڕابردووی خۆمان لەبیر نەچووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کیمیابارانی هەڵەبجە، لە ڕووداوەکانی ساڵی 1991 و لە شەڕی داعشدا هاوکار و پشتیوانی ئێمە بوو.

فەلاح مستەفا زیادی کرد: هەرێمی کوردستان باوەڕی بە گەشەپێدانی پێوەندیی ئابووری لەگەڵ دراوسێکانی هەیە، سنووری هاوبەش و فەرهەنگی هاوبەش بەمانای ئەوەیە کە ئێمە پێکەوەین، خۆشحاڵین کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە یەکەمین وڵاتانێک بووە کە کونسۆڵخانەی لە هەرێمی کوردستان دامەزراند و خزمەتگوزاریی ڤیزەی بۆ خەڵکی ئێمە دابین کرد و بوو بە هۆی گەشەسەندنی پێوەندی ئابووری و بازرگانییەکان.

ناوبراو زیادی کرد: خۆشحاڵین لەوەی کە داعش لەناو چووە، بەڵام ئەم هەڕەشە هێشتا بوونی هەیە و شێوەی شەڕ کردنی گۆڕاوە، هەموو دەبێ ڕووبەڕووی ئەم گرووپە تیرۆریستییە مەترسیدارە ببینەوە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: پێوەندیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆی شانازیی ئێمەیە و خوازیاری گەشەپێدان بە پێوەندییەکانمانین.

لە ڕێوڕەسمەکەدا مورتەزا عبادی کونسۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وتەکانیدا ئاماژەی دا بە ڕۆڵی گرینگی ڕێبەری کۆچکردووی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران ئیمام خومەینی لە سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامیدا و باسی دیاری وەزیری دەرەوەی ئێرانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وتی پێوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و کوردستانی عێراق مێژوویی و بێبڕانەوەیە.

شایانی باسە کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستا، هەواڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەحمەد کانی، کەمال کەرکووکی و ژمارەیێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بێگەرد تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕیزی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەدا بوون.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 51720

Your Comment

You are replying to: .
captcha